لە برادۆست ١٤٠ گوند داوادەکەن سوپای تورک وەدەربنرێت

هاوڵاتیانی ١٤٠ گوندی ناوچەی برادۆست-ی باشوری کوردستان، سەرنجیان ڕاکێشاوەتە سەر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و نامەیەک کە دوو هەزار کەس واژۆی لەسەرکردووە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگای نێودەولەتی، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و داوای دەرکردنی سوپای تورک لە سنوورەکەیان دەکەن.


هاوڵاتیانی ١٤٠ گوندی ناوچەی برادۆست-ی سەربە پارێزگای هەولێر، بۆ وەدەرنانی سەربازەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی خۆیان، نامەیەکیان بە دوو هەزار واژۆوە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

هاوڵاتیان لە نامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە، کە بەهۆی بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ژیانیان تێکچووە و ڕایانگەیاندووە: کوێستانەکانمان سەرچاوەی ژیانمانن، ناتوانین بچینە کوێستانەکانمان، شەو تا بەیانی بەهۆی هاتنی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە خەو لە چاوی منداڵەکانمان ناکەوێت.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاوڵاتیان ئاماژەیان بەوەداوە، کە ڕێگا و پردەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هەڵوەشێندراون و بەو شێوەیە بانگیان لە سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە:"ئەردوغان تۆ خۆت بە موسڵمان دادەنێیت، بۆردوومانی فڕۆکەکانت لەسەر ناوچەکەمان بوەستێنە و سەربازەکانت لە خاکمان ببە دەرەوە، دەوڵەتی تورک ٢٠ کم هاتووەتە ناو خاکمانەوە، بەسەدان گوندمان چۆڵ بوون، ئێوە خەڵکی شیلادزێ، مێرگەسور، قەندیل، قەڵادزێ، کەژەک و کەندەکۆڵان-تان کۆمەڵکوژ کرد، لەو کوشتنانە چیتان دەست کەوتووە، تەنیا لە کەندەکۆڵان ٤٠ هاوڵاتیتان کوشت".

هاوڵاتیان ئاماژەیان بە چارەنووسی سەدام حسێن کردووە و وتوویانە: "ئەگەر وەک سەرۆکی ڕژێمی بەعس سەدام حسێن، هەزاران کەسیش بکوژن، ئەردوغان-یش وەک سەدام حسێنی بەسەر دێت، بۆیە دەڵێین کە تەنیا ڕێگای چارەسەری یئاشتییە".

هاوڵاتیان هەروەها سەرنجیان ڕاکێشاوەتە سەر بیانووەکانی دەوڵەتی تورک بۆ بۆردوومانی خاکەکەیان و ڕایانگەیاندووە: پەکەکە لە ناوچەی ئێمە نییە، ئێمە لەسەر گوند و جێی خۆمانین، پەکەکە لەناو ئێمە نییە و ئێمەش هیچ پەیوەندییەکمان بە پەکەکەوە نییە.

لە کۆتاییدا هاوڵاتیان ئاشکرایان کردووە، کە بەهۆی فشار و زۆرداری هەندێ لایەن، نایانەوێت ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت.

س.ح