لە دهۆک ژن و پیاوێک کوژران

لە شاری دهۆک پیاوێک پاش کوشتنی گەنجێکی ٣٢ ساڵ، هاوسەرەکەی خۆشی کوشت.


بەگوێرەی لێدوانی ڤیدیۆیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، شەوی ڕابردوو پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بە ناوی (م.م)، دوو کەسی کوشتووە، کە یەکێکیان هاوسەری خۆیەتی.

بە گوێرەی لێدوانە، سەرەتا (م.م)لە نزیک شوقەکانی دابین لە سەنتەری شاری دهۆک، گەنجیکی تەمەن ٣٢ ساڵی بە گولـلە کوشتووە، دواتر هاوسەرەکەی لەگەڵ خۆی بردووە و هەڵهاتووە بەرەو ئامێدیی و لەوێ هاوسەرەکەی خۆشی بە گولـلە کوشتووە.

پۆلیسی دهۆک، دەشڵێت، کە دواتر بکوژەکە خۆی ڕادەستی پۆلیسی دهۆک کردووە، پۆلیسی دهۆک و ئامێدیی-ش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٤١ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.


ش.ف