لە دوو ڕووداوی جیادا منداڵێکی ٥ ساڵ و گەنجێکی ٢٠ساڵ گیانیانلەدەستدا

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا، لە گەرمیان ئۆتۆمبیلێک لەمنداڵێکی تەمەن ٥ ساڵیدا و بەو هۆیەوە گیانیلەدەستدا، لە دهۆکیش گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە چیاوە کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا.


ئەمشەو، لە سنوری شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بەپارێزگای سلێمانی، منداڵێک بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیلەدەستدا.

شەریف ڕەحیم، جێگیری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، بەڕۆژنیوزی وت: ڕووداوەکە لە شارەدێی شۆڕش ڕوویداوە و منداڵەکە کاتێک گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن گیانی لەدەستداوە، وتیشی: منداڵەکە ناوی زەکەریا هەرێم-ە و تەمەنی پێنج ساڵە، دوای ڕیکارە پزیشکییەکان تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.

لە لایەکی دیکەوە پۆلیسی دهۆک ڕایگەیاند، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ کە دانیشتووی گەڕەکی کێڤلای شاری دهۆکە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چوونەتە چیا کەوتووەتە خوارەوە  و بەو هۆیەوە گیانیلەدەستداوە.

ک.س