لە زینی وەرتێ یەکێتی و پارتی بارەگای سەربازیی هاوبەش دروست دەکەن

دوای دروستبوونی ئاڵۆزیی لەنێوانیاندا، یەکێتی و پارتی لەسەر دانانی بنکەیەکی سەربازیی هاوبەش لە زینی وەرتێ ڕێککەوتن.


ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، لە زینی وەرتێ ناکۆکیی لەنێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-دا دروستبوو، ئەویش دوای ئەوەی بازگەی ئاسایشی پارتی بە بیانووی قەدەغەی هاتووچۆ رێگریی لە خەڵکی شارەدێکە کردووە، کە نیشتەجێی ڕانیەن و ویستویانە بگەڕێنەوە ناو ڕەز و باخەکانیان، لەناو ئەوانەشدا پێشمەرگە و بەرپرسی یەکێتیی هەبوون.

دوای دروستبوونی ئاڵۆزیی لەنێوان هەردوولادا، سەرئەنجام هەردوولا بە دامەزراندنی بارەگایەکی سەربازیی هاوبەش ڕێککەوتن و لیوای ٧ی پیادەی سۆران-یان لەوێ جێگیر کرد، کە لیوایەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتیە و سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە.

لە ئێستادا ئەو هێزە نزیک بە ۱٥ خانووی سەفەریان لە زینی وەرتێ داناوە و بە ئامێری شۆفڵ و بۆردزێر خەریکی سەنگەر لێدان و فراوانکردنی شوێنەکەن.

زینی وەرتێ کەوتووەتە نێوان چیای کارۆخ و چیای قەندیل، ئەو دوو زنجیرە بە یەکەوە دەبەستیتەوە و نزیکە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، چاودێرانیش لە پەڕە تایبەتەکانی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەمە پیلانی دەوڵەتی تورکە دژ بە گەریلاکانی پەکەکە و ئەو دوو هێزە جێبەجێی دەکەن.

ش.ف