لە سلێمانی فرۆشیارێک ٣٨ ساڵە وێنە و تابلۆ دەفرۆشێت  

فرۆشیارێک کە ٣٨ ساڵە کاری فرۆشتنی وێنە و تابلۆ دەکات لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی جیاواز لە وێنە فرۆشەکانی تر، لەپاڵ وێنەی سروشت و شارەکانی کوردستان و وێنەی شەڕڤانان و گەریلا وێنەی سەرکردەکانی کورد دەفرۆشێت، وەک خۆشی دەڵێت: وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و جەلال تاڵەبانی زۆرترین کڕیاریان هەیە.


زیاتر لە ٢٠٠ وێنەی چاپکراوی شەڕڤانان و گەریلای کوردم هەیە و وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان- ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق، زۆرترین کڕیاریان هەیە، ئەمە وتەی ناسیح فاتح بابە شێخ-ە، کە لە ساڵی ١٩٥٩ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٨١وە لە ناو بازاڕی عەسری لە شاری سلێمانی بۆ پەیداکردنی بژێوی دەستی بەکاری فرۆشتنی وێنە و تابلۆ جیاوازەکان کردووە.

ناسیح فاتیح، لەگەڵ ئەوەی دوکانی نییە، بەڵام لە بەردەم دوکانی براکەی وێنەی هەموو شارەکانی کوردستان و وێنە کۆنەکانی شاری سلێـمانی و هونەرمەندان و ئەکتەرە بەناوبانگەکان و چەندین وێنەی جیاوازیتری هەیە، ئەوەی ئەم وێنە فرۆشە لە وێنە فرۆشەکانی تر جیا دەکاتەوە، فرۆشتنی وێنەی سەرکردەکان و شۆڕشگێرەکانی کورد و ژنانی شەڕڤان و گەریلایە بەشێوەیەکی بەرفراوان.

بەوتەی ئەو فرۆشیارە "زۆرترین کڕیارەکان وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان و جەلال تاڵەبانی دەکڕن، بەشێکیشیان ئارەزووی کڕینی وێنەی شاری سلیمانی دەکەن هەندێک هاوڵاتیش ئەم وێنانە دەکڕن و بە دیاری بۆ کەسوکاریان بۆ دەرەوەی کوردستانی دەنێرن".

ناسیح ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە نرخی هەر وێنەیەک لە ٥ هەزار دینارەوە بۆ ١٥ هەزار دینار دەستپێدەکات و ڕۆژ هەیە هیچ وێنەیەک نافرۆشێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: "گرنگ نیە ئەگەر وێنە بفرۆشم یان نا چونکە من لەگەڵ ئەم وێنانە دەژیم".

لەبارەی مەبەستی فرۆشتنی وێنەی سەرکردە و شەڕڤانەکانەوە دەڵێت: "ئامانجم هاندانی تاکی کوردە تا هەموو کەسێک لە جیاتی وێنەیەکی بێگانە وێنەی سەرکردەو و شۆڕشگێرەکانی کورد و سروشتی شارەکانی کوردستان لە ماڵەکەی خۆیدا یان شوێنی کارەکەی هەڵبواسێت".

سەردەشت فاتیح، یەکێک لە کڕیارەیەکانی ناسیح-ە و بە ڕۆژنیوزی وت: ئەم دوکانەم زۆر پێ جوان و سەرنج ڕاکێشە چونکە وێنەی سەرکردەکان و بە تایبەت وێنەکانی شاری سلێمانی زۆر سەرنج ڕاكێشن وات لە هەر کەسێک دەکات بێتە ئەم دوکانەوە وێنەیەک لەگەڵ خۆی بباتەوە.

ک.س