لە سۆران لەبری حکومەت گەنجان ڕێڕەوی ئاو دروست دەكەن

لەبری حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ژمارەیەك گەنج خۆبەخشانە ڕێڕەوی ئاو بۆ ڕێگای جووت سایدی نێوان جوندیان - سۆران دروست دەكەن، بەوتەی ئەو گەنجانە بەهۆی لێژی ڕێگاكەوە ئاوی ماڵان و چێشتخانەکان دەچنەوە سەر شەقامەكە و ئەوەش ڕووداوی هاتوچۆی لێ دروست دەبێت، بۆیە لە پێناو پاراستنی هاوڵاتیاندا ئەو ڕێڕەوە دروست دەکەن.


نەبوونی ڕێڕەوی ئاو لەقەراغ جووت سایدی نێوان جوندیان - سۆران لە سنوری پارێزگای هەولێر، تا ئێستا بووەتە هۆی دروستبوونی دەیان ڕووداوی هاتوچۆ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاوی ماڵان و چێشتخانەكان دێتەوە سەر شەقامەكە، ژمارەیەك گەنج خۆبەخشانە ڕێڕەوی ئاو بۆ ڕێگاکە دروستدەکەن.

شاخەوان فارس، یەکێک لە گەنجە خۆبەخشەکان کە خەڵکی گوندی بەرزێوەی سەر بە شارۆچکەی ڕواندوزە، لەگەڵ هاوڕێكانی هاتوە و وەستاییان بۆ دەكات، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: ئەو كارەی ئێمە دەیكەین كاری حكومەتە، بەڵام حكومەت ئەو كەموكورتیە نابینێت بۆیە ناچاربووین ئەو ڕێڕەوە بۆ ئاوی ئەو شەقامە دروست بكەین.

ئەو خۆبەخشە باس لەوەشدەكات ئەوان لەپێناو سەلامەتی گیانی خۆیان و كەسوكاریان ئەو كارەدەكەن، چونكە زیاتر لە بیست ڕووداوی هاتوچۆ لەو شوێنە ڕوویانداوە و زۆرینەیان هی گوندەكەی خۆی بووە، چونكە ڕێگاكە لێژە و بەهۆی ئاوەكەوە ئۆتۆمبێلی لەسەر دەخلیسكێت و تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن.

سۆران سەعید كە پیشەی ئەندازیارە خۆبەخشێکی دیکەیە و باس لەوەدەكات پڕۆژەكانی حكومەت پڕن لە كەموكوڕی، پشتگیری ئەو گەنجانەش دەكات كەبەخۆبەخشی ڕێڕەوی ئاو بۆ ڕێگای جووت سایدی سۆران - جوندیان دروست دەكەن.

ئەو ئەندازیارە داوا لەحكومەت دەكات لەمەودوا لەجێبەجێكردنی پڕۆژەكانیدا چاودێری ورد بخاتە سەر بەڵێندەرەكان و لەكاتی بوونی كەموكوڕیدا سزای یاساییان بدەن.

ک.س