لە سۆران کێشەکان دیزەبەدەرخۆنە دەکرێن

لە هەرێمی کوردستان یاسا نەیتوانیوە دادوەریی کۆمەڵایەتیی پێکبێنێت، هاوڵاتیانیش زۆر جار پەنا دەبەنە بەر سوڵحی عەشایەریی و مەكتەبی کۆمەڵایەتیی حزبەكان، کە ئەمەش لەجیاتیی چارەسەر، کێشەکان دیزەبەدەرخۆنە دەکات و زۆر ژنانی کردووەتە قوربانیی.


لەگەڵ بەردەوامیی كێشە كۆمەڵایەتییەكان و توندوتیژیی دژ بە ژنان، یەكلاكردنەوەی كێشەكانیش لە ڕێگای عەشایریی و مەكتەبی کۆمەڵایەتیی حزبەکان، بەردەوامە و لە زۆر دۆخدا دەبنە شوێنگرەوەی دادگاکان، ئەو دیاردەیەش لە دەڤەری سۆران و برادۆست زۆر بە زەقتر لەچاو ناوچەکانی دیکەدا دەبیندرێت.

زۆر جار ئەو کێشانەی، کە لەڕێگای سوڵحی عەشایەریی و حزبەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە، ژنانی تێدا دەکرێت بە قوربانیی، بەنمونە بۆ ئاشتەوایی نێوان خێزانی بکوژ و خێزانی کوژراو، بکوژەکە ژنێک دەدات بە کەسێک لە خێزانی کوژراو، بەبێ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی ژنەکە، کە ئەمە توندوتیژییەکی بەرچاوە دژ بە ژنان دەکرێت، هەندێک جاریش بکوژانی ژنان بە ئاسانیی لە سزا دەرباز دەبن و بە پێدانی بڕێک پارە، خێزانی ژنە کوژراوەکە ڕازیی دەکەن.

دانەر عەزیز، یاساناس، لە دەڤەری سۆران بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "زۆرترین جار بەهۆی باڵادەستیی عەشیرەتێك بەرامبەر عەشیرەتەكەی تر، كەسانێك ناحەقیی گەورەیان بەرامبەر دەكرێت".

ئەو یاساناسە پێیوایە ژنان قوربانیی یەكەمن لە دیاردەی سوڵحی عەشایەریی، "چونكە زۆر جار ژن كراوەتە چەكێك بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكان و وەک بەخشش دراوە بەلایەنی  بەرامبەر".

بەبڕوای شارەزایان، پەنابردنی هاوڵاتیان بۆ دیوەخانەکان لە بەری دادگاکان هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، لەوانە؛ بوونی دەست حزب لە دادگاکاندا، نەبوونی متمانە بەدادگا، لاوازیی سیستمی دادوەریی و نەبوونی هۆشیاریی یاسایی لای هاوڵاتیان.

ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان یاسا هەن بۆ چارەسەری کێشەکان، بەڵام یاساکان ڕەخنەی زۆریان لەسەرە و کەمورتییان هەیە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا یاساکان بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ ناکرێن، کەسانێک کە دەستی حزبیان لەپشتەوەبێت، زۆر بە ئاسانیی لە سزا دەرباز دەبن.

لەوبارەیەوە، شەهلا ساڵح، بە پێویستی دەزانێت، دەستی حزب لە دادگاکان دووربخرێتەوە و یاسا بۆ هەموو کەس وەک یەک بێت، نەک بۆ چینی دەسەڵاتدار و خاوەن سامان و پلەدارەكان چاوپۆشی و خۆلادان هەبێت.

شەهلا ساڵح، باسی لەوەش کرد، کە هەندێک کەس پێی شەرمە کێشەکەی بکەوێتە دادگا و وا هەست دەکات لە دادگا ناوی دەزڕێت و نهێنیی پارێزراو نابێت، بۆیە لە دەرەوەی دادگا کێشەکان یەکلایی دەکەنەوە.

فواد برادۆستی، پارێزەرێکی دیکەیە و بە هەمان شێوە پێیوایە، کە زۆر کەس قوربانیی دەستی سوڵحی عەشایریی-ن، بۆیە دەبێت کار لەسەر ڕۆشنبیرکردنی تاک بکرێت، بۆئەوەی کێشەکانیان ببەنە دادگا و دادگاش بۆ هەموان وەک یەک بێت.

وەک شارەزایان باسی دەکەن، لە دەرەوەی دادگا نادادیی کۆمەڵایەتیی دروست دەبێت و لەجیاتی چارەسەر کێشەکان زیاتر دەبن، لەناو دادگاکانیشدا دادوەریی بەرقەرارنەبووە و یاسا نەیتوانیوە چارەسەریی پێکبێنێت، بەڵام هەتا ئێستا هیچ جێگرەوەیەکیش بۆ یاسا و سوڵحی عەشایەریی دەسنیشان نەکراوە.

 

ش.ف