لە سیروان منداڵان بێبەشن لە بوونی باخچەیەکی ساوایانی شیاو  

لە شارەدێی سیروان، تەنها یەک باخچەی ساوایان هەیە ئەویش هیچ مەرجێکی باخچەی تێدانییە و شیاو نییە بۆ منداڵان، دانیشتوانەکەشی ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، بەهۆی نەشیاوی باخچەکە و زۆری ژمارەی منداڵەکان لە پۆلەکاندا منداڵەکانیان هیچ فێرنابن، بەڕێوەبەری شارەدێکەش دەڵێت: چەندین جار داوایان لە سەروو خۆیان کردووە بۆ دروستکردنی باخچەیەکی دیکە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجامبووە.     


شارەدێی سیروان، سەر بەپارێزگای هەڵەبجەیە، ساڵی ١٩٥٧ كراوە بە شارەدێ، دوو هەزار و ٤٠٠ ماڵی تێدایە و دانیشتوانەكەشی نزیكەی ١٠ هەزار كەسە، بەڵام تەنها یەک باخچەی ساوایانی تێدایە کە دوو خانووی ئاساییە و کراوە بەیەک ئەوەش بووەتە گرفت بۆ خەڵکی ناوچەکە و ساڵانە زۆربەی منداڵەکانی بێبەشدەبن لە چوونە باخچەی ساوایان.

لە بارەی گرفتەکەوە ئاسیا بەختیار، ژنێكی دانیشتووی شارەدێی سیروان بۆ ڕۆژنیوز، وتی: زۆر گلەیمان هەیە لەباخچەی ساوایانی شارەكە، زۆربەی كات ٥٠ منداڵ لەژورێكی بچوكدا وانەیان پێدەوترێتەوە، ئەوەش پەروەردەیەكی هەڵەیە، هەروەها هیچ یارییەكی منداڵان لەباخچەی ساوایانەكەدا نییە، ڕۆژانەش چاودێری منداڵەكانم دەكرد هیچ شتێكی ئەوتۆ فێرنەدەبوو.

وتیشی: مانگی ١٠ هەزاردینارمان لێوەردەگیرێت بەبێ‌ ئەوەی هیچ خواردنێك بەمنداڵەكانمان بدەن، داواكاری ئێمە ئەوەیە باخچەیەكی ساوایانی باش لەشارەكەدا دروستبكرێت ئەو مەرجانەی تێدا بێت بۆ پەروەردەكردنی منداڵەكان هەیە.

هاوكات نەرمین مەحمود، ژنێكی دیكەیە کە بەنیازە ئەمساڵ منداڵەکەی بنێرێتە باخچەی ساوایان وتی: باخچەی ساوایانی شارەدێیەکەمان هیچ خزمەتگوزارییەكی تێدا نیە هەر پۆلە و ٤٠ منداڵی تێدایە، خواردن و ئاو نادەن بەمنداڵەكان، ئەو منداڵانەشی لەوێن هیچ سودێك نابینن، هەرچەندە منداڵەكان حەزیان لە باخچەیە بەڵام بەهۆی ناخۆشی شوێنەكەوە پاش ماوەیەك حەزیان لێی نامێنێت، بۆیە داواكارین باخچەیەكی ساوایانی باشمان بۆ بكەنەوە منداڵ دڵی پێی خۆشبكات.

میوە ئادەم، یەکێک لەو منداڵانەیە کە ساڵی ڕابردوو لەو باخچەیە بووە وتی: باخچەی ساوایەنەكەمان گەرمبوو لەبەر خۆردابووین هەر ژوورە و ٤٠ منداڵی تێدا بوو كەس گوێی لەكەس نەدەگرت، خواردنیشی تێدا نەبوو.

هێمن حەمەحسێن، بەڕێوەبەری شارەدێی سیروان، لەسەر كێشەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: چەندین جار لایەنی پەیوەندیدارم ئاگادارکردوەتەوە، وەك بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە، وەزیری پێشووی پەروەردە بۆ دروستكردنی باخچەی ساوایان، بەڵام بەداخەوە هەوڵەكانمان هیچ ئەنجامێكی نەبووە.

ئەوەشی وت: باخچەی منداڵان ئێستا لە دوو خانووی حكومیدایە كەهیچ مەرجێكی تەندروستی و سەلامەتی تێدا نیە بۆ منداڵەكان، زۆرجار مارو دووپشكی تێدا كوژراوە، هەركاتێك منداڵی كەسێك توشی زیان بێت ئێمەو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لێی بەرپرسین، بۆیە دروستكردنی باخچەی ساوایان یەكێكە لەپرۆژە پێویستەکان بۆ شارەكەمان.

بەڕێوەبەری شارەدێی سیروان، باسی لەوەشكرد،کە لەئێستادا دوو هەزار مەتر زەویی بۆ باخچەی ساوایان دابینكراوە، بۆ دروستكردنەكەشی پێویستی بە ٢٠٠ ملێۆن دینارە، بۆیە ئومێدەوارن وەزارەتی پەروەردە بەدەنگیانەوە بێن ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەر بكات.

ک.س