لە شەڕی دوو بنەماڵەدا کەسێک کوژرا

بەهۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەوە لە شاری كەركوک کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گەڕەكی ١٦ی ئاب-ی شاری كەركوک، لەسەر تانكەرێکی ئاو، شەڕ دەكەوێتە نێوان دوو بنەماڵەوە.

لە ئەنجامی تەقەکردندا، کەسێک دەكوژرێت و کەسێکی دیکەش برینداردەبێت، کە هەردووکیان لە یەک بنەماڵە بوون.

لەبارەی وردەکاریی ڕووداوەکەوە، سیروان شەهاب، ئامۆزای کوژراوەکە و برای بریندارەكە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەو بنەماڵەکە تانكەرێک ئاویان هێناوە، كە بەسەر گەرەكدا دابەشیبكەن، بنەماڵەی ئێمەش داوای ئاویان كردووە، بەڵام لەو نێوەندەدا لێكتێنەگەیشتن و دەمەقاڵێ دروستبووە و بەهۆیە كار گەیشتووەتە بەكارهێنانی چەك و ئەوان بە سێ دەمانچەوە تەقەیان كرد.

دوای تەقەکانیش، تیمەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و یەکێک لە تەقەکەرەکانیان دەستگیرکردووە و سێ كەسی دیکەشیان لە بنەماڵەی بەرامبەر دەستگیرکردووە.

سیروان شەهاب، ناسنامەی کوژراو و بریندارەکەشی خستەڕوو وتی: بریندارەکە بەناوی مەریوان شەهاب برامە و کوژراوەکەش بەناوی محەمەد فازڵ ئامۆزامە و فیشەك بەر سەری كەوتووە و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٠٢ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، کە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ب.ل/هـ