لە ناوچەکانی سۆران و زاخۆ دەست بەسەر ٥٠٠ کیلۆ هیرۆییندا گیراوە

بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی ئاشکرای دەکات، کە تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ناوچەکانی سۆران، مێرگەسور و زاخۆ، دەست بەسەر ٥٠٠ کیلۆ هیرۆیین گیراوە و لە پارێزگای سلێمانیش ١٦٠ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.


ئەمڕۆ، لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا، ڕێکخراوی گەشەپێدانی مرۆیی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و تێیدا کۆتاییهاتنی هەڵمەتێکی شەش مانگەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگەیاند.

هاوکار ڕەفیق، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە کۆنگرەکەدا باسی لە هەڵمەتەکەیان کرد و وتی: لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکانمان خستووەتە ڕوو و هەڵمەتێکی میدیایی فراوانمان بەڕێوەبردووە و سمینارمان لە خوێندنگاکان ئەنجامداوە، گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی کە مەترسییەکانی ئەم ماددەیە هاوشێوەی تیرۆر و جەنگە.

ناوبراو، داواشی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، کە کار لەسەر پرۆژەیاسای ژمارە ٥٠ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، کە تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

هەر لە کۆنگرەکەدا، عەمید جەلال مینەبەگ، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی ئاماری دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکانی خستەڕوو و وتی: ئەمساڵ ١٦٠ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و ئەمساڵ ژنان و کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵیشی تێکەوتووە.

بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان، نەیشاردەوە کە ئەوان بڵاوبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بە پیلان دەزانن و وتی: وا هەست دەکەین کە هاتنی ئەو ماددانە بۆ هەرێمی کوردستان بە پیلان بێت، ئاماج لێی بڵاوکردنەوەی ئەو ماددانە بێت لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، بۆ نموونە تەنیا لەئەمساڵدا ٥٠٠ کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆین لە ناوچەکانی مێرگەسۆر و زاخۆ و سۆران دەستی بەسەردا گیراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو، ڕایگەیاند، کەکافتریاکان و بەکارهێنانی نێرگەلە بووەتە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە، بۆیە داوای لە حکومەتی هەرێم کرد، کە بیرێک لە کافتریاکان بکاتەوە و ئەو هێزانەی کە تایبەتمەند بە ماددە هۆشبەرەکان کاردەکەن کاراتر بکرێن و ئامێری پێشکەوتوویان بۆ دابینبکرێت، چونکە وەک ئەو باسیکرد، هەندێک جار کە دەچن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ئالودەی ماددە هۆشبەرەکانن، تەقەیان لێ دەکەن، ئەمەش وادەکات ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێن، دەبنە باندی مافیایی و لە دواییدا کۆنترۆڵ ناکرێن.

عەمید جەلال مینەبەگ ئەوەشی خستەڕوو، کە زیندان و چاکسازییەکان شوێنی چارەسەر نییە و وتی: هەر کەسێک کە لەسەر ئەو ماددانە دەستگیردەکرێت دەنێردرێت بۆ چاکسازییەکان، زۆر جار باند لە چاکسازییەکانەوە دروست دەبێت، خەڵک هەیە لەسەر سەرپێچیی هاتووچۆ دەستیگرکراوە، بەڵام لەناو چاکسازییدا دووچاری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان کراوە.

لە ساڵی١٩٨٧ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی٢٦ی حوزەیرانی هەموو ساڵێکی بەڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کەمکردنەوەی بازرگانییکردن بە ماددە بێهۆشکەرەکان دیارییکردووە، ساڵانەش لەم ڕۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.

ش.ف