"لە هەرێمی كوردستان بازرگانیكردن بە مرۆڤ بوونی هەیە"

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، كە بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە و بەهۆی دەرنەچوونی یاسایەكی تایبەت بەو پرسەش، نەتوانراوە شێوازەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤ جیابكرێتەوە.


ئەمڕۆ لە هۆتێل دێدمان لە شاری هەولێر، كۆنفراسێكی تایبەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ ئەنجام درا، كە لەلایەن ڕێكخراوی لێكۆڵەریی بۆ سەروەریی یاسا ڕێكخرابوو، تێیدا كۆمەلێك پرسی تایبەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ خرانەڕوو .

بەپێی وتەی محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ ڕۆژنیوز، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان بازرگانیكردن بەمرۆڤ بوونی هەیە، بەڵام نەبۆتە دیاردە و تەنها حاڵەتە.

دەرنەچوونی یاسایەكی تایبەت بە بازرگانیكردن لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەهۆکاری ئەوە دەزاندرێت کە تا ئێستا نەتوانراوە ئامارەكانی تایبەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بخرێتەڕوو، تا شێواز و جۆری بازرگانیەكانیش دیاری بكرێت.

بەپێی داتا و زانایرییەکانی دەستەی مافی مرۆڤ، لەناو كامپەكان حاڵەتی بازرگانیكردن بە مرۆڤ نەبووە، بەڵام ئەوەی هەبووە زیاتر بازرگانیكردن بە كرێكارانی بیانیی و ئەو كەسانە بووە کە لەسەر شۆستەكان سواڵ دەكەن.

س.ح