لە هەولێر دوو كەس كوژران

بەهۆی ڕووداوێكی كۆمەڵایەتیەوە، لە شاری هەولێر دوو كەس كوژران و پۆلیش دەڵێت، سێ كەسیان دەستگیركردوە، كە دەستیان لە ڕووداوەكەدا هەبووە.


ئەمڕۆ بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتیەوە، لە گەڕەكی ئەندازیارانی شاری هەولێر دوو كەس كوژران .

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ ڕۆژنیوز وتی: لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕووداوەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیپێكردووە و تاوەكو ئێستاش سێ كەس لەسەر ڕووداوەكە دەستگیركراون.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنیوز، كە لە دراوسێی یەكێك لە كوژراوەكان دەستیكەوتووە، شەڕەكە لەنێوان شەش كەسی دوو بنەماڵەدا ڕوویداوە لە یەكێك لە كافتریاكانی گەڕەكی ئەندازیاران و بە هۆیەوە دوو كەس كوژراون و چەند كەسێكیش بریندار بوون.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش گەنجێكی دیكە هەر لە شاری هەولێر كوژرا.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٠٨ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.
 

 

ك.ك/ب