لە ١١ ڕۆژدا ١٠ کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون و خۆیان کوشتووە

لە ١١ ڕۆژی کۆتایی مانگی ئاب-دا،١٠ کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون و خۆیان کوشتووە، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان-یش دەڵێت: دراما تورکییەکان هۆکارن بۆ زیادبوونی کوشتن و خۆکوشتن.


بەگوێرەی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە محەمەد گۆمەشینی، وتەبیژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، لە ڕۆژی ٢١ی ئابەوە، کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان هەتا ڕۆژی ١/ئەیلول، ١٠ کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون و خۆیان کوشتووە.

محەمەد گۆمەشینی، زۆربوونی دراما توركیەكان لە كەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەكان، بە هۆکاری زیادبوونی كوشتن و خۆكوشتن دەزانێت، چونکە وەک ئەو وتی: لەناو دراماکاندا دیمەنی خۆکوشتن و کوشتنی تێدایە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بینەر دادەنێت و دەبێتە هاندان بۆ کوشتن و خۆکوشتن و کلتورێکی جیاوازیش دێنێتە هەرێمی کوردستان.

گۆمەشینی، داوای لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی كرد، بۆئەوەی بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و سنوورێك بۆ ئەو درما توركییانە دابنێت.

وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، نەیشاردەوە، کە خۆكوشتن و كوشتنی هاوڵاتیان بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار و دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێک، كە دەزگا ئەمنییەكانیش ناتوانن چارەسەری بكەن.

 

ش.ف