لە ٦ مانگدا ٣٠٠منداڵ ڕووبەرووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە

بەپێی ئامارێك  لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان ٣٠٠منداڵا ڕووبەرووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە،  بەمەبەستی ڕێگری كردن لە دیارەكەش هەڵمەتێك لە ژێر ناوی 'پێكەوە  بۆ بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە منداڵان' ڕاگەیەندرا.


ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل چوارچرای شاری هەولێر لەژێر ناونیشانی (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی منداڵان)، ڕێکخراوی بیابانی سەوز، کە کاردەکات لە بواری مافەکانی منداڵان و پەروەردە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژی منداڵان هەڵمەتێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاند.

لە هەڵمەتەکەدا چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، سەرەتا هەوڵ دەدەن هەڵەمەتەکە بناسێندرێت و دواتر لەڕێگای کۆبوونەوە و کۆنفرانسەوە و هۆشیاریی تاک لەبارەی مافەکانی منداڵانەوە بەرزدەکرێتەوە، لە کۆتاییشدا پرۆژەیەک پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بە مەبەستی  ڕێگرییکردن و بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە منداڵان.

 بڕیار  جەبار، سەرۆكی ڕێكخراوی بایبانی سەوز، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: سەرەتا هەڵمەتەكە لە هەرێمی كوردستان دەبێت، لە داهاتوو هەڵمەتەكە دەبەینە شارەكانی تری عێراقیش بۆ نمونە وەكو شاری موسڵ.

بەپێی ئامارێک، کە ڕێکخراوەکە بڵاویکردەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ٣٠٠ منداڵ ڕووبەووی توندوتیژیی جەستەیی بوونەوەتەوە.

هەروەها، تەرزە عەبدوڵا، نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  وتی: ئێمەش وەكو وەزارەتی پەروەردە لە پلانماندایە ئەمساڵ لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن لە ڕێگای بڵاوكراوەوە منداڵان هۆشیار بکەینەوە لە بارەی ئەرك و مافەكانیان.

وتیشی: لە ساڵی ٢٠٠٧-ەوە لێدان لە ناوەندەكانی خوێندن نەماوە، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر باش بووە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی توندوتیژیی دژ بە منداڵان.

 

ش.ف