لە چایخانەیەكی کەرکوکدا یاسایی چا خواردنەوە بێدەنگییە

چایەخانەیەك لە شاری كەركوك دەبێتە ماڵی دووەمی نابیستانی شارەکە، لەو چایەخانەیە یاسایی چا خواردن و دانیشتن بێدەنگییە، هاوڵاتیانی نزیک لە چایخانەکەش دەڵێن: چایخانەکە هەموو نەتەوەكانی كەركوكی کۆ کردوەتەوە و دڵخۆشن بە بوونی چایخانەیەکی بەوشێوەیە.


لەناو بازاڕی گەڕەكی قۆرییە دێرێنی كەركوك، چایخانەیەك جیاواز لە چایخانەکانی دیکەی شار بەشێكی زۆری نابیستانی شارەكە كۆدەكاتەوە زۆربەی میوانەکانی چایخانەکە بە زمانی جەستە قسە دەکەن، جگە لە نابیستان پێكهاتە دێرینەكانی نەتەوەی كورد، عەرەب و توركمان لەو چایخانەیە كۆدەبنەوە و پێكەوە ژیان دەکەن و كاتەكانیان بەسەردەبن.

چایخانەكە بە فەرش و مافور و جاجم ڕەنگی كلتوری گرتووە، جگە لەوەش وێنەی كەسایەتیەكانی گەڕەكەکەی لەخۆیدا كۆكردووەتەوە و ئەمەش وایكردووە ببێتە چایخانەیەكی كلتوری لە گەڕەكەكەدا، نابیستان بەهۆی ئەوەی گوێبیستی هیچ دەنگێك نابن و ناتوانن قسە بكەن، بە زمانی جەستە و جۆڵەكانیانی دەستیان لەگەڵ یەكتر گفتوگۆی بێدەنگانە دەكەن و پێكەنین هەمیشە میوانی دڵ و لێوەكانیانە.

هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە دەربارەی چایخانەکە بۆ ڕۆژنیوز، بەمشێوەیە دەدوێن، ئەحمەد عاسی، هاوڵاتیەكی گەڕەكی قۆرییە، کە ماوەی ٣٠ ساڵە لەو گەڕەکە دەژی، باس لەوەدەکات، کە هەرچەندە ناتوانن لەگەڵ هاوڵاتیە نابیستەکان لەیەکتر تێبگەن، بەڵام یەکتر دەناسن، بە دیارنەبوونی هەر یەکێکیان دڵتەنگدەبن و هەواڵی دەپرسن، وتیشی: "چایەخانەکە ڕەنگی هەموو نەتەوەكانی كەركوكی لەخۆگرتووە، ئەوەی ئەم چایەخانەیە جیا دەكاتەوە لە چایەخانەكانی تر نابیستەكانن، ئەوان لێرە كۆدەبنەوە و پەیوەندی نێوان خۆیان پتە و دەكەن ئێمەش كاتێك ئەوان دەبینین زیاتر هەست بە جوانی ئەم دنیایە دەكەین".

ئەحمەد سدیق، هاوڵاتیەكی دیکەی توركمانی هەمان گەڕەكە لە بارەی ڕەنگاو ڕەنگی چایخانەکە و هاوڵاتیانی نابیست دەڵێت: "ڕەنگاو ڕەنگی چایەخانەكە كەلوپەلە كلتورییەكان وەهامان لێدەكات لێرە كۆببینەوە، نابیستان و كورد و عەرەب و توركمان و مەسحیش ئەم چایەخانەیە بە ماڵی خۆیان دەزانن و بۆیە بۆ پشوو وەرگرتن دێینە ئێرە، نابیستەكان ڕۆژانە دێنە ئێرە لەگەڵ یەكتر قسە دەكەن، ئێمە بەوان دڵخۆشین مرۆڤێكی پاك و بێگەردن".

ک.س