لە گفتوگۆیەکی کراوەدا باس لە نائومێدییەکانی گەنجان کرا

لە گفتوگۆیەکی کراوەدا لە شاری سلێمانی باس لە کێشەکانی گەنجان و نائومێدییەکان کرا، عەزیز ڕەئوف، یەکێک لە بەشداربووانی ئەو گفتوگۆیە وتی: نیشتمانی دابەشبوو گەنجی بێ هیوای دروست کردووە.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ڕێکخراوی چالاکی کۆمەڵگە گفتوگۆیەکی کراوەی ڕێکخست بە ناویشانی "هەڵوەستەیەک لەسەر گەنج و نا ئومێدییەکانی ئێستای لە کوردستان" گفتوگۆکە لە هۆتێل تایتانیک لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
 
لە گفتوگۆکەدا باس لەوە کرا، کە گەنجانی هەرێم بە دەست چەندین کێشەوە  دەناڵێنن، لەوانەش کێشەی بێکاریی و کێشەی کۆمەڵایەتیی و کێشەی سیاسیی، هەروەها ئەو قەیرانەی کە ڕووی لە هەرێم کردووە کاریگەری زۆری لەسەر بێهیواکردنی گەنجان داناوە.

عەزیز ڕەئوف، مامۆستای زانکۆ لە گفتوگۆکەدا وتی: نیشتمان دابەش بووە و کۆمەڵگا تێکشکاوە، لە کۆمەڵگادا سیستمی پەروەردەی سیاسی، خێزانی و ئاینیمان نییە و ئەو سیستمە لاوازەی پەروەردە، کۆمەڵگای بێ خەون کردووە و گەنجانیشی بێ هیوا کردووە، بۆیە کۆمەڵگای بێ خەون مرۆڤی بێ خەون دروست کردووە و کۆمەڵگا شەڕی دەروونی لەسەر بەڕێوە دەچێت و ڕۆژانە گەنجان بەرەو خۆکوشتن پەلکێش دەکات.

هەروەها باسی لە ڕووداوەکەی چەمچەماڵ کرد و وتی: ڕاستە سێوان سووتێنرا لە چەمچەماڵ، بەڵام لە کۆمەڵگادا دەیان نمونەی دیکە هەن کە شاراوەن و ڕۆژانە دەیان جار دەکوژرێن، بۆیە سەرچاوەی سەرەکی بێ پلانییە لە لایەن بنەماڵەوە لە پەروەردەدا و حکومەتیش هۆکاری تەشەنەکردنیەتی.

ک.ک