لە گەرمیان باندێکی دزیکردن دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان باندێکی دزیکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵانیان دەستگیرکرد، کە لەسەر ناوی ئاسایش بڕی حەوت هەزار و ٤٠٠ دۆلاری ئەمریکی و چوار ملیۆن دیناری عێراقی و ٤۰ مسقاڵ ئاڵتون و شەش مۆبایل و ئای پاد و ناسنامەی سەرجەم خێزانێکیان دزی بوو.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بینای بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، عوسمان عەبدولکەریم وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، سەبارەت بە دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردن لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا عوسمان عەبدولکەریم وتی: پاش ئەوەی ئاگادارکراینەوە لەوەی کە چوار کەسی نەناسراو  بە دەمامکەوە، بەناوی ئاسایشەوە چوونەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەکی عەرەب، لە گوندی وەلی ئاغا ی سەر بە شارەدێی قۆرەتوو لە سنوری ئیدارەی گەرمیان و بڕی ۷٫٤۰۰ دۆلاری ئەمریکی و ٤ ملیۆن دیناری عێراقی و ٤۰ مسقاڵ ئاڵتون و 6 مۆبایل و ئای پاد و ناسنامەی سەرجەم خێزانەکەیان بردووە و هەڵهاتوون، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بەو ڕووداوە  دەستکرا بە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری وورد.

وتیشی: پاش بە دەستهێنانی بەڵگەی تەواو و دەستکەوتنی سەرەداو و ناسینی تۆمەتباران توانرا لە لایەن هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کەلار سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، لە ماوەی کەمتر لە ٤۸ کاتژمێر و لەسەر بڕیاری بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوە، ئەو تۆمەتبارانە دەستگیربکەن کە باندێکی تایبەتن و ژمارەیان حەوت کەسە، شەش تۆمەتباریان دەستگیر کراون و هەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری حەوتەم بەردەوامە.

لە کۆتایشدا وتی:  جێی ئاماژەیە  تۆمەتبارانی ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە بەردەم بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بە پێی ماددەی ٤٤۰ ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.

بەپێی ئاماری فەرمی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، کۆی گشتی دزیی جۆراوجۆر و ڕووداو و تاوانە جۆراوجۆرەکان ۷۲۲ حاڵەتی جۆراوجۆر بووە، کە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ١٢٣ ڕووداو و تاوانی جیاجیا زیادیان کردووە، بەهۆیانەوە هەزار و ٤٤ کەس دەستگیرکراون.

 

ک.ک/ب