ماڵی هانی بووەتە ماڵێک بۆ هەمووان

ماڵی هانی، لە شاری سلێمانی کە هەڵگری کەشێکی کلتورییە بە پێشکەشکردنی خواردنە کوردەوارییەکان و شێوازە تایبەتەکەی بۆ نانخواردن و پشوودانی میوانەکان، بووەتە ماڵێک بۆ هەمووان و ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر ڕووی تێدەکەن.


ماڵ یان (چێشتخانەی) هانی، دەکەوێتە گەڕەکی عەقاری لە شاری سلێمانی و ماوەی دوو مانگە لە لایەن هانی عەباس، کە خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ە کراوەتەوە.

شوێنی چێشتخانەی هانی، بەر لەوەی بکرێتە چێشتخانە، ١٣ ژووری لە خۆ گرتووە و هەر ژوورەی ماڵێکی تێدابووە کە سەرجەمیان کرێچی بوون، بەپێی قسەی خاوەن ماڵەکە هەر یەکێک لەو ماڵانە بەبێ کێشە ماوەی چەند ساڵێک تا چەند دەیەیەک پێش ئێستا لەو ماڵەدا ژیانیان بە سەر بردووە، تا دواجار لە لایەن هانییەوە کراوەتە چێشتخانە.

چێشتخانەی ماڵی هانی، جیاواز لە زۆربەی چێشتخانەکانی دیکەی شارەکە، میوانەکان دەتوانن بە دوو شێواز دانیشتن (دانیشتن لەسەر مێز و دانیشتن بە چوارمەشقی) نانی لێ بخۆن، سێ ژووری ماڵەکە بە کەلوپەلی کوردەواری داپۆشراوە، دوو ژووریشیان فەرش ڕێژ کراوە و بە کۆمەڵێک کەلوپەلی کلتوری ڕازێندراوەتەوە و تایبەتە بەو کەسانەی کە ئارەزووی نان خواردنیان بە دانیشتنەوە هەیە، ژوورێکی دیکەشیان لەگەڵ حەوشەی چێشتخانەکە مێز و کورسی لێ دانراوە بۆ ئەوەی خەڵک نانی لەسەر بخوات، جگە لەوەش لە حەوشەکەدا حەوزێکی لێیە کە فوارەی تێدایە، هەروەها چەندین گوڵی جۆربەجۆر لە حەوشەکەدا دانراوە، کە جوانییەکی تایبەتی بەشوێنەکە بەخشیووە.

بەشەکی  دیکەی حەوشەی چێشتخانەکە بۆ یاری منداڵان دابین کراوە بۆ ئەوەی جیاواز لە خواردنەکە منداڵان چێژ لەو شوێنەش وەربگرن، هەروەها چێشتخانەکە نانەوای تایبەت بە خۆی هەیە کە نان و کولێرە بە تەنوور بۆ میوانان ئامادە دەکات.

خواردنەکانی ماڵی هانی، لە دووکاتدا پێشکەش بە میوانان دەکرێن، خواردنی بەیانی کە پێکهاتووە لە پێشکەشکردنی نان، کولێرە، کەلانە، قەیماغ و خواردنە خۆماڵییەکانی دیکەی تایبەت بە بەیانیان، کە لە کاتژمێر ٦:٠٠ بەیانی تا ١١:٣٠خولەکی پێشنیوەڕۆ بەوشێوەیەیە و دواتر لەوکاتە بەدواوە تا شەو خواردنەکانی وەک قۆزی، قەرەخەرمان، کفتەی سابونکەران، یاپراخ و چەند خواردنێکی دیکەی کوردواری پێشکەش دەکرێن.

هانی لە بارەی خواردنگەکەیەوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: بەمشێوازە خواردنگەیە دەمەوێت کلتوری کوردی لە ڕووی شێواز و خواردنەوە پارێزراوبێت و هاوکات ببێتە هۆیەک بۆ ئەوەی زۆرێک لەو خەڵکانەی دێنە چێشتخانەکە ئەو دیمەنەی دەیبینن پشوویان پێبدات، هانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە توانیویەتی هاوسەنگیی ڕەگەزیی لە کارەکەیدا بپارێزێت بەوەی کە چێشتلێنەرەکانی یەکێکیان پیاوە و ئەوەی دیکەیان ژنە.

کردنەوەی ئەم جۆرە خواردنگانە لە سەر دەستی ژنانی وەک هانی عەباس، لە شاری سلێمانی بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ لە ڕووی ئابووری و مەعنەویەوە بۆ ژنان و هاوکات هاندەرێکە بۆ ئەوەی ژنان زیاتر پشت بە ئابووری سەربەخۆی خۆیان ببەستن.

ک.س