محەمەد لە یەک ساڵیدا ونبوو، لە ٣١ ساڵیدا بە خێزانەکەی شادبووەوە

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، دۆزینەوەی کەسێک راگەیەندرا، کە لە منداڵیدا و لەکاتی کیمیا بارانەکەدا ونبووە، بەڵام لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا خۆی پەوەندی بە کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجەوە کردووە، کە ئەو هەڵەبجییە و دەیەوێت بگەرێتەوە لای خێزان و وڵاتەکەی.


ئەمڕۆ لە ماڵی عومەری خاوەر لە شاری هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لەگۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا دۆزینەوەی منداڵێکی ونبوی هەڵەبجەیی ئاشکراکرد.

لە کیمیابارانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعسدا لە ساڵی ١٩٨٨، کە زیاتر لە پێنج هەزار هاوڵاتی شەهیدبوون، چەندین کەسیش بێ ماڵ و حاڵ و ئاوارەبوون، لەونێوەندەدا، دەیان منداڵ لە خێزەکانیان دابڕان، یاخود بەبرینداریی لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا بێ کەس مانەوە، ئێستا ناوبەناو منداڵێکی ئەو کاتە دەدۆزرێتەوە و بە خانەوادەکەی شاد دەبێتەوە.

یەکێک لەو کەسانەی لە ١٩٨٨ بێسەروشێن و بووە و ئێستا دۆزراوەتەوە، محەمەد ئەمین-ە، کە وەک سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە باسی کرد، لە ٧-١-٢٠١٩وە تەواوی ڕێکارە یاساییەکانی بۆ کراوە، هەروەها لە شاری سلێمانی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئەنجام دراوە، دواتر ڕوون بووەرتەوە کە منداڵی کێ بووە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، لوقمان عەبدولقادر ڕەخنەی لەو ڕێڕەسمانە گرت، کە دەوترێت لە ئێران بۆ گەڕانەوەی ئەو ونبووەی هەڵبجە کراوە و پێی وابوو، کە دەبوو لە باشوری کوردستان ڕێوڕەسمی گەڕانەوەی بۆ بکرایە، نەک ئێران، چونکە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ بە مەراسیمێک لە ئێران بە خانەوادەکەی شادبکرێتەوە.

کەسوکاری محەمەد ئەمین لە ئێستادا دانیشتووی شارەدێی بیارەن، کە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەن، وەک لقمان عەبدولقادر وتی: ئەو گەنجە خۆی ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە کە منداڵێکی هەڵەبجەییە، بۆیە ئێمە بەدووداچوونمان بۆ کرد، لە لایەن حکومەتی عێراق و ئێرانەوە هەموو رێکارەکانمان بۆ تەواو کرد.

لوقمان عەبدولقادر دەربارەی شادبوونەوەی خێزەکە بە محەمەد، باسی لەوەکرد، کە ئەوان لە کاتێکدا کارە یاساییەکانیان لە هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو ونبووە کردووە و ویستوویانە بیگەڕێننەوە بۆ ئێران، بەڵام خیزانێک تەلەفونیان کردووە و رایانگەیاندووە، کە ئەوە منداڵی ئەوانە و دەیانەوێت بیبینن.

باسی لە بەڵگە یاساییەکانی کردوو، ڕوونیکردەوە، دواتر ناسنامەکانیان بەراورد کردووە، کە تەواو لە یەک چووە، ئەوە بوو بنەماڵەی محەمەد ئەمین لەسەر داواو بودجەی خۆیان چونە ئێران و دواجار ڕوون بوویەوە کە کوڕی ئەوانە.