منداڵانی بناری قەندیل سەرەڕای بوونی مەترسی بۆردومانەکان یاری دەکەن

بناری قەندیل لەگەڵ بوونی جوانی و بەناوبانگی چیا، دارستان، گوند و خەڵکەکەی، منداڵەکانی جوانییەکانیان زیاترکردووە، مەترسی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک سەرەڕای ئەوەی ژیانی تێکداوە بەڵام منداڵانی ئەو دەڤەرە بەردەوامن لە یاریکردنی خۆیان.    


بەهۆی کاروباری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە وەرزی هاوین، ژمارەیەکی زیاتر خەڵکی ڕوو دەکەنەوە گوندەکانی سنوری بناری قەندیل و تا وەرزی زستان لە گوندەکانیان دەمێننەوە، منداڵانی ئەو سنورەش کە ماندوویی ناناسن، دڵخۆشن بە مانەوەیان لەناو گوندەکانیان چونکە یارییەکی زیاتر دەکەن.

منداڵانی بناری قەندیل لە بەیانی تا ئێوارە لەگەڵ هاوڕێیەکانیان یاری دەکەن، منداڵان باسی بەشیك لەو یارییانە بۆ ڕۆژنیوز دەکەن کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەن و کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بەسەر دەبەن.

یەکێک لەو یارییانەی منداڵان ڕۆژانە ئەنجامی دەدەن یاری هەلوکێنە "لەم یارییەدا دەستپێک دوو بەرد و دوو دار ئامادە دەکرێت، دارکیان لەسەر بەردەکان دادەنرێت و منداڵێک بە دارێکی درێژەوە لەژێر ئەو دارە دەدات و دارەکە دەهاوێژێت و دوایی دووری مەودای هاویشتنەکە بە هەنگاو دەژمێردرێت و بە خاڵ بۆی ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر لەکاتی هاویشتنی دارەکاندا کەسێک بتوانێت بیگرێتەوە ئەوە ئەو کەسەی دارەکەی هاویشتووە دەسووتێت و ئەوەی دیکە دەست بە هەڵدانی دارەکە دەکات.

یاری (کفتە کولیچە) یارییەکی دیکەیە و ئەو یارییەش بەپێی ژمارەی منداڵەکان، دەستپێک ژمارەیەک بۆ هەر کەسێک دابین دەکرێت، کە پێویستە ژمارەکەی خۆی بزانێت، دوای ئەوە هەرکەس بە دەستێک یان دوو دەست ژمارەیەک نیشان دەدات، یەکێک ژمارەکان لەسەر یەک دەژمێرێت و دوای ئەوە ژمارەی هەر کەسێک ئاشکرابوو، دەستی خۆی بەرز دەکاتەوە و ئەوانەی یارییەکە دەکەن زللـەیەک لەناو دەستی دەدەن.

جگە لەم یارییانە دەیان یاریی دیکە هەیە کە منداڵانی ناوچەکە پێوەی خەریک دەبن، لە وانەش (تۆپ تۆپێن، چاوشارکێ، خەت خەتێن، سێڕسکێن و چەندین یاری دیکەی فۆلکلۆری ناوچەکە) منداڵەکان و خانەوادەکانیان هەمیشە مەترسییان لەسەرە و هیچکات دەنگی فڕۆکەکان لەسەریان کەم نابێتەوە، بەڵام جیهانی منداڵان لەناو یارییەکان دایە و هەرچەندیش بترسن دەست لە یارییەکانیان هەڵناگرن، چونکە ژیان بۆ ئەوان بە واتای یاریی و ژیانە.

ک.س