منداڵانی سەر شەقام خۆیان قوربانیین و کاری ترسناکیان پێدەکرێت

لە زۆرینەی کۆمەڵگاکاندا، هاوشێوەی ژنان، منداڵانیش قوربانیین، لە شاری سلێمانی ٢٥٠ منداڵ لە شەقامەکاندا بەکار دەهێنرێن و سواڵ یان کاریان پێدەکرێت، هەروەها کەسانی نەناسراو کارێکی تەواو مەترسیدار بەو منداڵانە دەکەن، وەک پۆلیس دەڵێت، دەرمان و پارەی ساختەیان پێدەگوازرێتەوە، هەروەها چەندین جار هەوڵدراوە دەستدرێژیی سێکسیی بکرێتە سەریان!، حکومەتیش نەیتوانییوە ئەو پێشلکارییانە بووەستێنێت.


سەرمای سەختی زستان، بەفر و باران و تەنانەت گەرمای بەتینی هاوینیش، نەیتوانیوە ئەو منداڵانەی سەر شەقام بووەستێنیت، ئەوان قوربانیی یەکەمی سیستمی دەسەڵاتداریی باشوری کوردستانن، پاشان قوربانیی جەنگ و خانەوادەکانیان، لەسەر شەقامەکانیشدا ڕووبەڕووی چەندین جۆر توندوتیژیی بوونەتەوە.

ئەگەرچی هیچ ئامارێکی ورد و ڕاست لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەو منداڵانەی کاریان پێدەکرێت ئاشکرا ناکرێت، بەڵام بە پێی ئاماری لیژنەی پاراستنی منداڵ لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە سلێمانی، بە درێژایی ساڵی ٢٠١٩، ٢٥٠ منداڵی کارکەر لە شاری سلێمانی'دا کاریان کردووە، کە ١٤٠ی لە ڕەگەزی نێر و ١١٠ لە رەگەزی مێ پێکدێن، ١٢٥ منداڵی لە خانەوادە ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن، ٨٠ منداڵیان لە خانەوادە پەنابەرەکانن، ٤٢ منداڵیان لە خانەوادە قەرەچەکانن و سێ منداڵیشیان خەڵکی ناوخۆی سلێمانین.

ئەم منداڵانە شێوازی کارکردنیان بە شێوەی گروپ گروپە، کە لە کەمپەکانەوە دەهێنرێن و تا درەنگانی شەو لە سەر شەقام و لای ترافیکەکان دەسووڕێنەوە و بە هەڵگرتنی پارچە کلێنسێک یان بنێشت، یانیش هیچیان پێنییە، بڕێک پارە بۆ ئەو ڕۆژە پەیدا دەکەن، یانیش لە گەڵ دایک و باوکیاندا هەر جارێک لە شوێنێک دەبن.

ئەو منداڵانە لە زۆرینەی مافەکانیان بێبەش کراون، بەتایبەت خوێندن، کە بەپێی هەموو یاساکانی جیهان مافێکی سروشتیی خۆیانە، وێڕای ئەوانە، بە جلێکی کەم و کۆنەوە لەسەر شەقامەکان و بەسەرمایەکی سەخت ڕۆژ و شەوانیش تا درەنگانێک دەمێننەوە، لێرە دەسەڵاتی خۆجێی سلێمانی'یش هەرچەندە هەوڵیشیان دابێت، بەڵام نەیانتوانییوە کارێک بکەن کە ئەو منداڵانە نەیەنەوە شەقام، جا بە بەخێوکردن و وەرگرتنەوە بێت لە خێزانەکانیان، یاخود ناچارکردنی دایک و باوکی ئەو منداڵانە کە نەیانهێننە شەقامەکان.

بەختیار غەفور، توێژەر و سەرۆکی لیژنەی پاراستنی منداڵ لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان- سلێمانی، دەربارەی مانەوەی منداڵان بەسەرمای شەو و ڕۆژی شار، باس لەوە دەکات، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ سەرنج ڕاکێشانی هاوڵاتیان بەلای خۆیاندا و بۆ ئەوەی پارەیەکیان پێبدرێت، بۆ کەمکردنەوەی ئەو حاڵەتەش پێیوایە، کەمکردنەوەی بەزەیی و هاوکاری خەڵک ڕۆڵدەبینێت، "ئەم پرسە بە گشتی بەرپرسیارییەتی هەموومانی تێدایە".

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ئەوان تەنها لایەنی جێبەجێکارن و بە دوای ئەو منداڵانەدا دەگەڕێن کە کاریان پێدەکرێت و ڕەوانەی دادگایان دەکەن و ئەگەر ڕوون بێتەوە بە زۆریان کاریان پێدەکرێت ئەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن.

پۆلیسی سلێمانی باس لەوە دەکات، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان، ئەگەر دەرکەوێت منداڵەکە بە زۆریش کاری پێکراوە و ڕێگری لە کارکردنی بکرێت، ئەوا لەلایەن خانەوادەکەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ شارەکانی دیکە، دەشڵێن بە ڕێژەی ٩٠٪ی ئەو منداڵانە ئاوارەی خوارووی عێراق'ن.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەسەر ئەو منداڵانە زانیاریی نوێ و مەترسیدار ئاشکرا دەکات و دەڵێت: لەلایەن گەورەکانەوە بەکار دەهێنرێن بۆ گواستنەوەی دەرمان و پارەی تەزویر و دەستدرێژی سێکسی!، کە ئەمە زۆر جارمنداڵەکان دانیان بەوەداناوە، کە هەوڵێ دەستدرێژی کردنە سەریان دراوە، بۆیە تا ئەم بارودۆخەی عێراق ئاوا بەردەوام بێت ئەم منداڵانەش هەر وا بەردەوام دەبن لە کارکردن بە شێوازە جیاوازەکان.

لیژنەی پاراستنی منداڵ، لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و پۆلیسی نەوجەوانانی سلێمانی-یە، لە ساڵێ ٢٠١٧ لە سلێمانی دامەزراوەو ئەرکی دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی ئەو منداڵانەیە کە پەرتەوازەبوون بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە یاخود ئیشکەرن.

 

س.ح