منداڵانی مەخمور لەژێر گەمارۆی توند جەژن دەکەن

لەگەڵ ئەوەی جەژنی هەرە خۆش تەنها بۆ منداڵانە، بەوپێیەی بۆ ئەوان شیرینی، وەرگرتنی جەژنانە، کڕینی جلی جەژن و چوون بۆ یارییەکان لەهەرە خۆشترینەکانە، بەڵام منداڵانی کەمپی پەنابەرانی مەخموور ئەم جەژنە لەژێر گەمارۆی توندا بەسەر دەبەن.


ئەمڕۆ ٢٧ ڕۆژە گەمارۆکان بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی لەمەخمور بەردەوامە، بەو هۆیەشەوە دۆخی هاوڵاتیان و بەڕێوەچوونی مەراسیمی جەژن بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەناچێت و منداڵانی ئەو کەمپە لەژێر گەمارۆی توند جەژن دەکەن.

بەپێ ی بەدواداچوونێکی ئاژانسی هەواڵی فورات ''ئەنەفە'' کە بۆ دۆخی کە بۆ کەمپەکە کردویەتی ئەم جەژنە وەک جەژنەکانی تر نییە، نە بۆ گەنج و بەتەمەنەکان، نەب ۆ منداڵانیش چونکە نەدەتوانن لەکەمپەکە بەئازادی بچنە دەرەوە و نە دەشتوانن کار بکەن.

بۆ ئەم جەژنە زۆرێک لەخێزانەکان نەیانتوانیوە تەنانەت شیرینی بۆ منداڵەکانیشیان بکڕن، بەهۆی ئەوەی بازگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگە نادەن هاتن و چوون بۆ کەمپەکە هەبێت، بۆیە لەماوەی ڕابردوو دووژنی دووگیان هەردوومنداڵەکەیان لەدەستدا، ئەمەش واتای ئەوەیە منداڵانی کەمپەکە نەک تەنها خۆشی ژیانیان لێ زەوتکراوە، بەڵکو ژیانیشیان لێ دەسەنرێتەوە.

بۆ ئەم جەژنە منداڵان لەکۆڵانان ناگەڕێن، شیرینی جەژنانە کۆ ناکەنەوە چونکە ئەوانیش دەزانن گەمارۆ خراوەتە سەر شیرینیش، ئەگەر جەژنێک بێ شیرینی بێت پێکەنین چۆن دەکەوێتە سەر لێوی منداڵان؟

منداڵانی پرچ زەردو چاوشین بەجلی کۆنەوە لەکۆڵان دێن و دەچن ، کاتێک پرسیار لەباوکیان دەکرێت بۆچی منداڵان جلی نوێ-یان نەکڕیوە؟ لەوەڵامدا دەڵێن: لەبەر ئەوەی ڕێگا گیراوەو بێ کار ماوینەتەوە.

هاوڵاتیانی کامپەکەش ڕەخنەی توند لەبێدەنگی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرن و دەپرسن: لەباشورهاتن و چوون بۆ تورکیا و هەموو جیهان ئاساییە و تەنها و تەنها بۆ ئێمەی پەنابەر گەمارۆ دەدرێین؟

ک.س