منداڵان بە داهاتی وێنەکانیان هاوکاریی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن

وێنە کێشراوەکانی ٣٥٠ منداڵ لە پێشانگایەکدا نمایش دەکرێت و داهاتەکەی پێشکەشی نەخۆشخانەی هیوا دەکرێت.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٠٠ی پێش نیوەڕۆ لە گەلەریی ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی پێشەنگایەک بۆ وێنەکانی ٣٥٠ منداڵی باخچە و خوێندنگای خەونی منداڵان کرایەوە و تا کاتژمێر ٠٤:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

ئەو منداڵانە تەمەنیان لەنێوان ٤ بۆ ١٠ ساڵییدایە و بە ٨٠٠ وێنە بەشداریی پیشانگاکەیان کردووە، داهاتی پێشانگاکەش پێشکەشی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن، کە تایبەتە بە تووشبوانی شێرپەنجە.

ئەو منداڵانە خەیاڵەکانی خۆیان خستبووە سەر کاغەز و بە ڕەنگی جۆراوجۆر وێنەکانیان ڕازاندبووەوە.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو، دایکوباوکی منداڵەکان پێشوازییەکی باشیان لە وێنەکان کرد و وێنەی منداڵەکانی خۆیان دەکڕییەوە، بەوەش هەم دڵی منداڵەکانی خۆیان خۆش دەکەن و هانیان دەدەن بۆ کاری باشتر، هەمیش هاوکارییەکی باشی نەخۆشخانەی هیوا دەکەن.

ش.ف