منداڵێکی خاوەنپێداویستی تایبەت باوكی لە بێئومێدیەوە دەگەیەنێتە لوتكەی ئومێد

كچە خوێندكارێكی خاوەنپێداویستی تایبەتی شاری كەركوك، كە هەردوو دەست و قاچی تەواو نییە و باوكی بەزۆر لە خوێندنگا داخڵی كردووە، بەوتەی بەڕێوەبەر و مامۆستایانی خوێندنگاكەی ئێستا لە ناو 900 خوێندكاری خوێندنگاكەی بووەتە نموونە و هەموو ساڵێك نیشانەی زیرەكی و لێهاتووی پێدەدرێت و یەكێكە لە خەتخۆشترین خوێندكارەكان.


­دەشڵێن: بەهۆی زیرەكییەكەیەوە دەبوو لە خوێندنگایەكی نمونەیی دەوام بكات، نەك لەسەر كورسییەك دابنیشێت كە سێ خوێندكاری لەسەرە.

 

چیرۆكی دەركەوتنی زیرەكی گەشبین عومران، تەمەن 10 ساڵ، لەوێوە دەستپێدەكات، كاتێك تەمەنی دەبێتە شەش ساڵ و باوكی بۆئەوەی داخڵَی بكات لە خوێندن، چەندین خوێندنگای شاری كەركوكی پێدەكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە خاوەنپێداویستی تایبەتە هیچ خوێندنگایەك وەریناگرێت، تا دواجار باوكی بەهۆی بێ ئومێدبوونیەوە لە خوێندنگای ژیلوان بە بەڕێوەبەری خوێندنگاكە دەڵێت: "ئەگەر كچەكەم وەرنەگرن بۆخوێندن، لەبەردەرگای خوێندگاكە خۆم دەكەمە ژێر ئۆتۆمبێلەوە"  ئیتر لێرە بەدواوە ئاستی توانا و بەهرە و زیرەكییەكانی ئەوكچە دەردەكەوێت و خاڵی بنبەست و بێئومێدی باوكی دەگۆڕێت بۆ لوتكەی ئومێد.

گەشبین ئێستا لەپۆلی چوارەمی سەرەتاییە، لە خوێندنگای ژیلوانی سەرەتای تێكەڵاو، لە شاری كەركوك، لەگەڵ ئەوەی كەمئەندامییەكەی نەیتوانیوە ڕێگە لە بەهرەكانی بگرێت، بەڵكو تواناو ئاستی زیرەكی لەچاو منداڵانی دیكە، بووەتە جێگەی سەرنجی مامۆستایانی خوێندنگاكەی و كەسوكارەكەی، ڕۆژنیوز، لەم بەدواداچوونەدا چۆنیەتی ژیان و بەهرەكانی ئەو كچە دەخاتە ڕوو.

گەشبین عومران، هەر لەساتی لەدایكبوونیەوە بەشێوەی زگماك هەردوو قاچی كورت بوون و هەروەها هەردوو دەستیشی ناتەواو و نا ئاسایی بووە، لە بارەی گوزەران و ژیانی خۆیەوە گەشبین، بەگەشبینیەوە دەڵێت: "لە ماڵەوە دایك و خوشكەكانم هەمیشە هاوكارمن و جلوبەرگەكانم دەگۆڕن، ڕۆژانە خۆم وانەكانی خوێندنگام جێبەجێ دەكەم، خۆشكە گەوەرەكەشم لە چەند بابەتێكی ئەركی خوێندنگا هاوكاریم دەكات".

گەشبین كە ئێستا بەهۆی زۆری خوێندكارەكان و كەمی جێگاوە لەناو پۆلێك دانیشتووە نزیكەی 40 خوێندكاری تێدایە و لەسەر كورسییەكی خوێندن دانیشتووە كە سێ كەسی لەسەر دانیشتووە، لەبارەی مامۆستا و هاوڕێكانی وتی: "مامۆستاكانم و هاوڕێكانی پۆلەكەم زۆر خۆشدەوێت، چونكە لە هاتووچۆ و دانیشتن و هەستان لەسەر كورسی پۆلەكەم هاوكاریم دەكەن".

گەشبین، لای مامۆستا و هاوڕێكانی جیاواز لە خوێندكارەكانی تر تەماشا دەكرێت، نەك لەبەر دۆخی جەستەیی و كەمئەندامییەكەی، بەڵكو بەهۆی ئاستی زۆری زیرەكی و خێرایی لەبەركردنی وانەكانی و ئەو توانای قسەكردنەی هەیەتی، سەرەڕای ناتەواوی دەستیشی بەوتەی مامۆستاكانی یەكێكە لەخەتخۆشترین خوێندكارەكان و هەموو ساڵێكیش نیشانەی زیرەكی خوێندنگاكەی پێبەخشراوە و لەوانەكانیدا 10 لە 10ی هێناوە.

گوڵاڵە ئەحمەد، مامۆستای وانەی كوردیی گەشبینە و وتی: "گەشبین خوێندكارێكی زۆر دەگمەن و تایبەتە و دەبێت لە قوتابخانەی نموونەیی بێت نەك قوتابخانەیەكی ئاسایی، لەگەڵ ئەوەش خاوەنی جوانترین ڕەوشت و بەرزترین ئاستی زیرەكییە، زیاتر لە هەموو خوێندكارەكان لای من متمانەی هەیە، من چاوەڕوانی ئایندەكەی گەش بۆ گەشبین دەكەم و ژیری و زیرەكی ئەو كچە بۆ ئێمە جێگای سەرسوڕمانە و لەگەڵ هەموو هاوپۆلەكانی زۆر گونجاوە بۆیە هاوڕێكانیشی بەردەوام هاوكاری دەكەن".

گوڵە ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنگای ژیلوان، باس لە چیرۆكی وەرگرتنی گەشبین دەكات، "پێش چوار ساڵ، باوكی گەشبین هاتە لام بۆ ئەوەی كچەكەی بخاتە بەر خوێندن، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەمئەندام بوو، سەرەتا پێداگریمكرد كە ناتوانم گەشبین وەربگرم، بەڵام قسەیەكی باوكی زۆر كاریگەری لەسەرم دروستكرد، كە وتی چەندین خوێندنگام پێكردووە و وەریان نەگرتووە، گەر گەشبینم لێ وەرنەگرن، لە بەردەگای خوێندنگا خۆم دەكەمە ژێر ئۆتۆمبێلەوە، چونكە بەڕاستی دەمەوێت حەزی گەشبین بۆ خوێندن بێنمە دی.

زیاتر دووا "دوای ئەوە گەشبینم لە خوێندگا وەرگرت، ڕۆژانە چاودێری گەشبینم دەكرد، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا گەشبین خوێندكارێكی نموونەیی جیاواز دەرچووە، لە ناو 900 خوێندكاری خوێندنگاكەم گەشبین باشترینە و نموونەیە، بۆیە چەندین جار پێشنیارمان بۆ باوكی كردووە كە كچەكەی جێگای ئەم خوێندگایە نیە، بەڵكو جێگای خوێندنگای نموونەییە".

عمران ئەحمەد، باوكی گەشبین، كە خاوەنی باخی سەوزەیە و ڕۆژانە كچەی دەباتە خوێندگا و دەیهێنێتەوە، لەبارەی گەشبینەوە وتی: "پێش ئەوەی كچەكەم لە دایكبێت هەستمان بە كەمئەندامی گەشبین نەكردبوو، كە لە دایكبوو بەشێوەیەكی زۆر كەمئەندام بوو، بەڵام هەرگیز بە لەدایكبوونی بەوشێوەیە ناڕەحەت نەبووم، چونكە بە تاقیكردنەوەی خوای گەوەرە ڕازی بووم، بەڵام بەڕاستی توانا و بەهرەی گەشبین وایكردووە هەرگیز بە كەمئەندامی كچەم دڵتەنگ نەبم". وتیشی "ئێستا من بە گەشبینیەوە لە ئایندەی كچەكەم دەڕوانم چونكە گەشبین هەرگیز بیری لەو دۆخە نەكرتۆتەوە كە بەسەری هاتووە".

ك.س