منداڵێکی دوو ڕۆژە لەناو کیسی زبڵدا دۆزرایەوە

منداڵێکی ساوا کە تەمەنی دوو ڕۆژە، لە ناو کیسێکی زبڵدا لە پارکێکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزرایەوە.


دوێنی هاوڵاتییەک لە پارکی مەیدانی ئازادگانی کرماشان، منداڵێکی ساوای لەناو کیسی زبڵدا دۆزیەوە و پاشان پۆلیسی ئاگادارکردەوە.

پۆلیسیش لەگەڵ چوونی بۆ پارکەکە، نەخۆشخانەی فریاکەوتن و خانەی بێ سەرپەرشتانی ئاگادارکردەوە، منداڵەکە هەر دوێنێ برایە خانەی بێ سەرپەرشتان.

منداڵاکە زیندووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی دایک و باوکیەوە لە دەست دا نییە.

جێگای ئاماژەیە، کە چەند مانگ پێش ئێستاش لە شاری تەبرێز، منداڵێکی سێ مانگان لە سەر شەقام دۆزرایەوە، لەناو قۆنداغی منداڵەکەدا نامەیەکی بە دەستوخەتی دایکی تێدابوو، کە نووسیبووی: ئاوارەی سەر شەقامەکانم و کەسیشم نییە.

کرماشان گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە و ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن.

لەلایەکی دیکەوە، هەرچەند کرماشان پاڵاوگەی نەوت و کارگەی پیشەسازیی جۆراجۆری لێیە و دەبێت ڕێژەی بێکاری لەو شارەدا بەراورد بە شارەکانی دیکەی کوردستان کەمتر بێت، بەڵام لەو ڕووەوە کە هێزی کاری نوخبە و ئاسایی لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە ڕەوانەی کرماشان دەکرێن، بێکاریش بووە بە یەکێکی دیکە لە قەیرانەکانی خەڵکی کرماشان.

هەروەها بە ڕوودانی بومەلەرزەی ساڵی پار لە شارۆچکەکانی دەوروبەری پارێزگای کرماشان، دەیان هەزار هاوڵاتی ماڵەکانیان ڕووخا و هەموو ژیانیان چووە ژێر ڕووخاوەکانەوە، ئەوەش وایکرد ژمارەیەکی زۆر ڕووبکەنە ناوەندی پارێزگا و لەوێش بەهۆی بێکاری و هەژارییەوە لە پەراوێزەکانی شار لە ژێڕ کەپر و چادرەکاندا ژیان دەستپێکەن.

بەو هۆیانەوە، کرماشان، یەکێک بووە لەو شارانەی پێشەنگایەتیی خۆپیشاندانە ناڕەزاییە سەرتاسەرییەکانی سەرەتای ئەمساڵ و هەروەها خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەدژی دەسەڵاتداریی سیاسی و ئابوریی ئێرانی کردووە.

س.ح