موفتییەکی ئێران: هاوسەرگیریی منداڵان ناڕەوایە

مەرجەعێکی شیعەکانی ئێران هاوسەرگیریی لەگەڵ منداڵان بە بە کارێکی نادادپەروەرانە دەزانێت و دەڵێت، کارێکی نادادپەروەرانەیە و ڕەوا نییە. 


ئاژانسە ئێرانییەکان ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە، 'بەیات زەنجانی' کە مەرجەعێکی شیعەکانی ئێرانە، لە 'قوم' ڕایگەیاندووە، کە هاوسەرگیریی لەگەڵ منداڵان کارێکی نادادپەروەرانە، بۆیە کارێکی ناڕەواشە، ئەمە لە کاتێکدایە هەم لە یاسای ئێران و هەم لە شەرعی ئیسلام هاوسەرگیریی منداڵان بە "حەڵاڵ" وەسف کراوە. 

بەیات زەنجانی، ئاماژەی بەوە کردوە، کە وەها باسگەلێک لە مێژوودا هەبووە و دەڵێت: بەڵام کەسانی زانا بە گەڕانەوە بە دەقەکان دەتوانن ببینن، کە وەها باسێک شتێکی گشتی نەبووە و تەنیا لە حاڵەتی پێویستی حوکمی بۆ دەرکراوە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە حاڵەتە پێویستیەکان بنەمای حوکمی شەرعی نیین. 

لە درێژەی باسەکەیدا بەیات زەنجانی بە بەبیرهێنانەوەی نمونەیەک لە حوکمەکان دەڵێت: "لە کاتی پێویستیدا خواردنی گۆشتی ژنی مردوو ڕێگە پێدراوە، بەڵام ئایا دەکرێت بە پشت بەستن بەو حوکمە خواردنی گۆشتی ژنی مردوو حەڵاڵ بکرێت؟!." 

جێگای ئاماژەیە، کە وتەکانی ئەو مەرجەعە شیعەیە لە کاتێکدایە، کە لە ئێران بە پشت بەستن بە حوکمە شەرعییەکان، هاوسەرگیریی منداڵان بە یاسا ڕێگەی پێدەدرێت و ساڵانە هەزان منداڵ ناچار بە هاوسەرگیریی دەکرێن. 


ک.ک