نابیستێک بە چایچێتی سەرنجی کڕیارەکانی ڕاکێشاوە

خاوەن پێداویستییەکی تایبەت کە نابیستە، ٢٢ ساڵە لە شارۆچکەی شارەزوور، کاری چایچێتی دەکات و ناوبانگێكی باشی پەیدا کردووە، بەوتەی کڕیارەکانی لەگەڵ ئەوەی نابیستە، بەڵام تامی چایەکەی تایبەتە، هەر کڕیارێکیش جارێك بچێتە لای چا بخواتەوە ئەگەر دوای ماوەیەکی درێژ، نەشچێتەوە لای کاتێک جاری دووەم چووەوە دەیناسێتەوە چ جۆرە چایەك دەخواتەوە.


تەها ئەحمەد، ناسراو بە (تەها تالیم) ساڵی ١٩٩٧ شاگردی چایخانەیەک بووە لە شارۆچكەی شارەزوور، بەڵام بەهۆی حەزی بۆ كارەكەی ساڵی ٢٠٠٦ چایخانەیەكی سەربەخۆ بۆخۆی دادەنێت، دەست بەكاركردن دەكات تێیدا، تەها خێزاندارە و خاوەنی دوو كچ و كوڕێكە، لە ڕێگەی کارەکەیەوە بژێوی ژیانی زۆر بە باشی بەڕێوەدەبات و خەڵكی لەناوچەكانی سلێمانی پێنجوێن گەرمیان و شوێنی دیكەوە کاتێک سەردانی شارۆچکەکە دەکەن دەچنە لای و چای لا دەخۆنەوە. 

بۆ بەسەرکردنەوەی کارەکەی و چۆنیەتی ڕایی کردنی کارەکەی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی تەها، لەگەڵ کڕیارەکانی ڕۆژنیوز، سەردانی چایخانەکەی کرد و ئەو كەسانەی دواند کە بەردەوام چای لا دەخۆنەوە.

سەیوان عوسمان، کە هاوڕێیەكی دێرینی تەهایە و بەردەوام سەردانی چایخانەكەی دەكات بۆ ڕۆژنیوز، وتی: "هەرچەندە خاوەنی چایخانەكە خاوەن پێداویستی تایبەتە و نابیستە، بەڵام چاكەی لەهەموو شارۆچكەی شارەزورو ناوچەكەدا تایبەتە و جیاوازە، تامی چایەكەی زۆر خۆشە و شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە و كەس شێوازی ئامادەكردنی نازانێت خۆی نەبێت."

وتیشی "تەها كەسێكی زۆر پاكو خاوێنە كارەكەی خۆی زۆر خۆشدەوێت، ئەگەر بێت و ڕۆژێك دوكانی نەبێت بازاڕەكە ڕەنگی چۆڵی لێدەنیشێت، زۆربەی چین و توێژەكانیش لەگەنج و پیر ڕوو لە چایخانەكەی دەكەن، ئەگەر كەسێك یەكجار بێتە چاخانەكەی و دواتر دوای دوو مانگ بچێتەوە دەیناسێتەوە و لەو جۆرە چایەی بۆ دادەنێتەوە کە پێشتر داوای کردووە."

ڕێبەر بەختیار، گەنجێكی دانیشتووی شارەزوورە و زۆربەی كات چا لەچایخانەكەی تەها دەخواتەوە، وتی: لەم شارەدا چەند چایخانەیەكی تێدایە لەهەموویان باشتر چایخانەی تووی مەلیكە كە بەچایخانەكەی تەها یان نابیستەکە ناسراوە، خاوەنی چاخانەكەش زۆر جدییە لەكارەكەیدا زۆر بەپاكوخاوێنی كارەكانی ئەنجامدەدات خەڵکێكی زۆر ڕووی لێدەكەن.

ئەو گەنجە باسی لەوەشكرد، کە هەرچەندە خاوەنی چایخانەکە نابیستە، بەڵام چاكەی زۆر بەتام و خۆشە زۆر بەحەزەوە ئیش دەكات گرنگی بە کڕیارەکانی دەدات، ئەگەر جارێك بێیتە لای داوای چایەك بكەیت جاری دواتر هاتیتەوە دەتناسێتەوە چ جۆرە چایەك دەخۆیت پێویست ناكات داوای بكەیتەوە.

ئەوەشی وت: "ئەگەر پرسەیەك یان بۆ نەیەك لەشارەكەدا هەبێت، ئەو كەسانەی لەدەرەوە دێن، سەردانی ئەم چاخانەیە دەكەن لێرە چایەك دەخۆن ئینجا دەڕۆن چەندین جاریش چاكە دووبارە دەكەنەوە و دەیخۆنەوە". 

نەجم عەبدوڵا، کڕیارێکی دیکەی هەمیشەیی چایخانەکەی تەهایە و بەمشێوەیە قسەیكرد و وتی "لەمێژەوە سەردانی ئەم چاخانەیە دەكەم، نزیكەی ٢٠ ساڵە خاوەنەكەی دەناسم، لەهەموو ناوچەكانەوە خەڵكی ڕوو لەچایخانەكەی دەكەن، یەكجار چای لا بخۆیت بەردەوام دووبارەی دەكەیتەوە، نزیکەی ١٣ ساڵە چایخانەكەی دروستکراوە بەڵام دەڵێی تازە دانراوە ئەوەندە پاكو خاوێنە، چاكەشی ناوبانگی تایبەتی هەیە و تاموبۆنی زۆر خۆشە.

ک.س