نابیستێک ڕۆح بە بەری ئامێرە لەکارکەوتووەکاندا دەکاتەوە

ئەو هەرچەندە لە زمانی مرۆڤەکان تێناگات، بەڵام بەباشی لە زمانی ئامێرە لەکارکەوتووەکان تێدەگات و تەنها بە سەیرکردنێک و بەکارهێنانی چەند تەکنیکێکی سادە، لە کێشەکانیان تێدەگات و بەباشی چاکیان دەکاتەوە.


کاتێک کاتژمێرە لەکارکەوتووەکەت یان ئامێرە کارەباییە سووتاوەکەت دەبەیتە لای وەستا عەلی نابیست، بێ ئەوەی کێشەکەی بۆ ڕوونبکەیتەوە، لێت وەردەگرێت و دەست بە چاککردنەوەی دەکات، نهێنی ئەم کارەی عەلی ئەوکاتە دەردەکەوێت، کە ئامێرە لەکارکەوتووەکەت بە چاککراوی دەداتەوە دەست.

دووکانە تەنگەبەرەکەی وەستا عەلی، پڕیەتی لەو ئامێر و کاتژمێرە لەکارکەوتووانەی کە خەڵکی بۆ چاککردنەوە لەلای دایانناوە، ماوەی ٢٠ ساڵە سەروکاری لەگەڵ ئامێر و کاتژمێرە لەکارکەوتووەکاندایە.

تەواوی کارەکەی وەستا عەلی لەسەر تاقیکردنەوەی دەنگی وەستاوە، بەڵام ئەو نە هیچ دەبیستێت و نە توانای قسەکردنیشی هەیە، نهێنی ئەم سەرکەوتنەی لە کارەکەیدا، تەنها لەلای خۆی هەیە و بە چەند تەکنیکێک فێربووە، کە ڕادیۆ سووتاوەکان چۆن بخاتەوە ئیش.

ئەم وەستا نابیستە دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیەو ماوەی ٢٠ ساڵە خووی داوەتە چاککردنەوەی ئامێر و کاتژمێرە لەکارکەوتووەکان، بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لە رێی ئەم کارەوە پەیدادەکات.

هاوسێ دووکانەکانی وەستا عەلی باس لەوە دەکەن، ئەو ئامێرانەی کە لە خەڵکییان وەردەگرێت، بە باشی چاکیان دەکاتەوە بەبێ ئەوەی لێیان بپرسێت کێشەیان چییە، بەرزان عوسمان، هاوسێ دووكانی وەستا عەلی دەڵێت: هەرچەندە نابیستە، بەڵام زۆر شارەزا و لێهاتووە.

وەستا عەلی زیاتر بە سەعاتچی ناسراوە لە شارەکە، بەڵام بەهۆی لێهاتوویی خۆیەوە، ڕادیۆی شکاو و مەکینەی کارەبایی و ئامێری گەرمی و ساردیش چاکدەکاتەوە.

دانا سەباح، هاوسێ دووکان و خزمی ئەو وەستا نابیستە، باس لەوە دەکات، کە وەستا عەلی ئەو کەلوپەلانە کۆدەکاتەوە، کە خەڵکی دیکە فڕێی دەدەن و بەکاری ناهێنن و لە دروستکردنی هەندێک شتدا سودیان لێدەبینێت.

هەموو ئەو کەسانەی ئامێرە لەکارکەوتووەکانیان لەلای وەستا عەلی نابیست دادەنێن، دەزانن کە ناوبراو لە زمانی ئامێرەکان تێدەگات و لە زمانی ئەوان تێناگات، هەربۆیە بەبێ ئەوەی وشەیەکیش بڵێن، ئامێرەکەی لەلا دادەنێن و جێیدەهێڵن.