ناوچەیەک بۆ بە خێوکردنی گامێش

تەواوی دانیشتوانی ناوچەی مەمدودەی کەرکوک، وەک پیشەیەکی بۆماوەیی گامێش بەخێو دەکەن و بژێوییان لەسەر بەرهەمەکانی گامێشەکانیان پەیدا دەکەن.


ناوچەی مەمدودەی باشوری کەرکوک لەسەر ڕۆخی چەمی خاسەیە و عەرەب نیشینە، نزیکەی ٧٠ ماڵی تێدا دەژی، تەواوی دانیشتوانی ناوچەکە گامێش بەخێو دەکەن، بەڵام هەموو ماڵەکان خاوەن گامێش نین.

لە ناوچەکەدا، کە خۆی گوندە، بەڵام بەهۆی نزیکیی لە گەڕەکی مەمدودەی کەرکوک، گەڕەکیشی پێ دەوترێت، نزیکەی ٢٥٠ گامێش هەن و وەک خەڵکەکە بۆ ڕۆژنیوزیان باسکرد، ئەو پیشەیەیان لە باپیران و داپیران-یانەوە بۆ ماوەتەوە.

زۆربەی ماڵەکان گامێشیان هەیە، ئەوانەشی، کە خاوەن گامێش نین، هەندیک لە ئەندامانی خێزانەکانیان گاوانیی دەکەن و بەشێکیشیان بە تایبەت ژنان گامێشەکان دەدۆشن و قەیماغ و پەنیر و ماست لە شیرەکەیان دروست دەکەن، بەشێکی دیکەشیان بەرهەمەکان دەبەنە بازاڕی کەرکوک و ساغی دەکەنەوە.

دانیشتوانی مەمدودە بە هیچ شێوەیەک گامێش سەرنابڕن و گۆشتەکەی نافرۆشن و تەنیا بەرهەمی سپیایی دەفرۆشن.  

گامێش، جیاواز لەوەی، کە دەبرێتە لەوەڕگا و دەلەوەڕێندرێت، لە ڕۆژێکدا پێوستی بەوەیە، کە سێ جار ئالیکی پێ بدرێت، بەیانیان، نیوەڕوان و عەسران، هەروەها ڕۆژی دووجاریش دەیاندۆشن.

ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لە ناوچەی مەمدودە هیچ خوێندنگایەک نییە و دانیشتوانی گوندەکە منداڵەکانیان نانێرنە بەر خوێندن، بەڵکو بۆ هاوکاریی خۆیان بەکاریان دەهێنن.

كەریم عەلی، گاوانی گامێشە، لەوبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت:"من ئێستا لە تەمەنێكی بچووكدام، ڕۆژانە چەندین جار گامێشەكان دەبەمە ناو ئاوكە و چاودێریان دەكەم، بەهۆی كارەكەمەوە نەچوومەتە خوێندگا، لای ئێمە ئاساییە ئەگەر كار بكەین و نەخوێنین".

قەیماغی گامێش بەناوبانگترین جۆری قەیماغە و فرۆشێکی زۆری لە کەرکوک هەیە، بەڵام نرخەکەشی لەچاو قەیماغی دیکەدا زیاترە و لە بازاڕدا کیلۆی بە ٢٠ هەزار دینار دەفرۆشرێت.

هێمن ڕەفیق، خاوەنی دووكانی فرۆشتنی ماست و قەیماغ لە كەركوك، هۆکاری بە گرانیی نرخی قەیماغ بە ڕۆژنیوزی وت:"بەهۆی بەتامیی قەیماغەکەوە خواستێکی زۆری لەسەرە، هەروەها ڕێژەیەکی زۆریش چەوریی سروشتیی تێدایە".

ڕوونیشكردووە:"قەیماغ خواردنێكی سەرەكیی هاوڵاتیانی کەرکوکە، بڕەکەشی کەمە، ڕۆژانە تەنیا سێ سینی قەیماغ بەدەستم دەگات".

ش.ف