نێرگەلە سەرەتایەک بۆ ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر

تێکەڵکردنی ماددەی هۆشبەر لەگەڵ دەرمانی نێرگەلە، بە سەرەتایەکی مەترسیدار بۆ ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر ئەژمار دەکرێت و لە سۆران ڕێکخراوەکان داوا دەکەن ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو خاوەن کافتریایانەدا بگیرێتە بەر، کە نێرگلەی تێدا دەکێشرێت.


بەپێی ئەو ئامارەی، کە بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی شارۆچکەی سۆران-ی سەر بە پارێزگای هەولێر بڵاویکردووەتەوە، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا، ٧٠ کەس لەسەر کڕین و فرۆشتن  و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و مامەڵەکردن بە دراوی ساختەوە دەستگیرکراون، هەروەها دەست بەسەر چەندین جۆر لە ماددەی هیرۆیین، تریاك، حەشیش و حەب و شیشە و دراوی ساختەدا گیراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە تایبەتەکانی ڕۆژنیوز، ئامارەکان زۆر لەوە زیاترن کە بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای دەکات و بەو پێیەی سۆران هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، ماددەكان بە ئاسانیی دەگەنە دەستی بەكارهێنەران و مامەڵەپێکەران لە سنوورەکە.

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی هەوڵ دەدەن لەڕێگای چالاکییەکانیانەوە گەنج ئاگاداربکەنەوە لە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام هەوڵەکان لە ئاستێکدا نین بتوانن ڕێگە لەو بڵاوبوونەوە بەرفروانەی ماددە هۆشبەرەکان بگرن.

ڕیکخراوی ئاوێزە بۆ ڕۆشنبیریی گشتیی، یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە، کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو هەڵمەتێکی یەک مانگییان ئەنجامدا بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لەڕێگەی سمینارەوە، دڵشاد باڵەکی، سەرۆکی ڕیکخراوەکە لە لێدواێکیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بەوە کرد، کە پێویستە ئەو هۆشیارکردنەوەیە بەردەوامبێت و سەرجەم دام و دەزگا پەروەردەیی و ڕێكخراوەكان و بە تایبەت حكومەتی هەرێم بە فروانتر كاری لەسەر بکەن.

دڵشاد باڵەکی، هۆشدارییدا لە کافتریاکانی تایبەت بە نێرگەلەکێشان و بە دەستپێکی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر ناویبرد، چونکە وەک ئەو باسیکرد، گومان دەکرێت ماددەی هۆشبەر لەناو دەرمانی نێرگەلەدا بەکاربێت و بەکارهێنەرانی ئالودە بکات.

وتیشی:"وەزارەتی تەندروستیی مۆڵەتی پێدانی كافتریای تایبەت بە نێرگیلەی قەدەغە كردووە، بەڵام ئێستا بەشێك لە سەرمایەدارەكان كافتریا دەكەنەوە كە تایبەتە بە چا، قاوە، چەرەسات، یاخود ساردەمەنی، لە گۆشەیەكی كافتریاکەشدا نێرگەلە دادەنێن، كە ئەمەش زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بۆیە بە نووسراو لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ئاگاداركردووەتەوە كەوا ڕێگای یاسایی بەرامبەر ئەو دیاردەیە بگرنە بەر".

ئیبراهیم بابان، چالاکێکی کۆمەڵی مەدەنیی سۆرانە و بێکاریی گەنجان و کەمتەرخەمیی لە چاودێرییکردنی کافتریاکان بە هۆکاری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دەزانێت، هۆکارێکی دیکەش بۆ هاوسنووربوونی سۆران لەگەڵ ئێران دەگەڕێنێتەوە.

ئیبراهیم بابان، وتیشی:"دەبێت حكومەت بەرنامەیەكی جدیی و فروانتری هەبێت، چونكە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی لەناو گەنج بە تەنیا ئەركی ئێمەی چالاکوان و ڕێكخراوەكان نییە، بەڵكو دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی بەرنامەیەكی هۆشیاریی و پەروەردەیی هەبێت".

جێگای ئاماژەیە، بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران لە ئەكاونتی بەرێوەبەرایەتیەكەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاندووە، كە بەشێك لە تۆمەتبارەكان دانیشتووی سۆرانن و بەشێكیان بیانین كە ویستویانە لە سۆران ماددەكان بڵاوبكەونەوە، یان لە ڕێگای سۆرانەوە بیگوازنەوە بۆ شوێنی تر، بەڵام لەلایەن هێزەئەمنیەكان ڕێگەیان لێگراوە و سەرجەم تۆمەتبارەكانش ڕەوانەی دادگاكراون.

ش.ف