نەوتی پیس هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم دەکات

وەرزی سەرما  کڕین و فرۆشتنی نەوتی لە بازاڕی ڕەشدا لە هەرێمی کوردستان گەرمکردووە، گرانی نەوت تەنها خەم نییە بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووە، بەڵکو کوالێتی خراپی نەوتەکەش کێشەیەکی سەرەکییە و هاوڵاتیان و پزیشکە پسپۆڕەکان باس لەوە دەکەن ئەو نەوتەی بەکاریدەهێنن، کێشەی تەندروستی بۆ دروستکردوون و گازی کوشندەو خنکێنەری لێوە پەیدا دەبێت.


ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی پچڕ پچڕ نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکات، ماوەی دوو ساڵیشە حکومەت ئەو بەشە نەوتەی بەسەر شاری سلێمانیدا دابەش نەکردووە، ئەوەش وایکردووە، خواست لەسەر کڕینی نەوت لە بازاڕو لەلای دەڵاڵەکانی نەوت گەرم ببێت، بەڵام بەشێک لەو نەوتەی ئیستا لە بازاڕەکاندان هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم دەکات.

لەكاتێكدا دەبوو لەسەر ڕاسپاردە و بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە سەرەتای هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵەی ئەمساڵەوە نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێت، بەڵام تائێستا نەوت لە ناوشاردا دابەشنەکراوە، پارێزگاكانی هەرێمیش پێویستییان بە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.

ئێستا تەنها قەیرانی گرانی نەوت بەرۆکی هاوڵاتیانی نەگرتووە، بەڵکو کوالێتی خراپی نەوت، کە لە ئێستادا دوو جۆر نەوتی بازرگانیی لە بازاڕی هەرێمداهەیە کە یەکێکیان لە کاتی بەکارهێنانیدا بۆ خۆ گەرمکردنەوە مەترسیدارترە و کێشەی تەندروستی بۆ چەندین کەس و بەتایبەت بۆ منداڵان و ئەوانەی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە دروستکردووە.

"لە کاتی بەکارهێناندا گازێکی خنکێنەرو کوشندەی لێوە پەیدا دەبێت" ئەمە وتەی هاوڵاتی شیروان عەبدوڵا دانیشتووی سلێمانییە کە نەوتەکەی لە بازرگان و دەڵاڵەکانی نەوت کڕیوە لە بازاڕو دەڵێت: نەوتەکە جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەوەی حکومەت دابەشی دەکات، لە کاتێکدا نرخەکەی سێ بەرامبەری نرخی نەوتە حکومیەکەیە.

ئەو هاوڵاتییە باس لەوەش دەکات، نەوتەکە بەباشی گڕ ناگرێ و گازی کوشندەو خنکێنەری لێ پەیدا دەبێت و کێشەی هەناسەو کۆخەی بۆ زیادکردوون.

سانا تاهیر، هاوڵاتییەکی دیکەی شاری سلێمانییە و لەبارەی کوالێتی ئەو نەوتەی بەکاریدەهێنن لە ماڵەوە دەڵێت: کێشەی هەناسەی بۆ دروستبووە و بە ئاشکرا تەندروستی تێکچووە.

د. نزار عەبدوڵا، پزیشکی نەخۆشییەکانی سنگ و کۆئەندامی هەناسە، دەربارەی کاریگەری گازی سووتەمەنییەکان بە تایبەت گازی ئەو نەوتەی کە هاوڵاتیان لە ماڵەوە دەیسوتێنن دەڵێت: ئەو نەوتەی هاوڵاتیان بەکاریدەهێنن، چەند گازێکی لێ پەیدا دەبێت کە زیانی خراپی هەیە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی هەناسەدان یان هەستیاریییان هەیە لە کۆئەندامی هەناسە.

ئەو پزیشکە باس لەوەش دەکات، چەندین نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی کردووە بە هۆی کێشەی هەناسەدانەوە، کە بەشێکی بە هۆی ئەو زۆپا و گازانەوەیە کە لە ماڵەوە بەکاریدەهێنن.

لە بەرامبەردا، محەمەد حەسیب بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی کە دابەشدەکرێت و لە بەنزینخانەکاندا بە خەڵک دەفرۆشرێت، هیچ کێشەیەکی تێدا نییەو ئەوان لە پاڵاوگەی عەربەت پشکنینیان بۆ کردووە.

تەها هادی، یەکێک لە نەوت فرۆشەکانی شاری سلێمانییە و ماوەی سێ ساڵە ئەو کارە دەکات، باسی لەو جۆرە نەوتانەکرد کە دێتە ناو سلێمانی و دەڵێت: دوو جۆر نەوت بە هاوڵاتیان دەفرۆشن، یەکێکیان کوالێتی باشەو نرخەکەی ١٣٥ هەزار دینارە و جۆرێکی دیکەش کە کوالێتی باش نییە نرخەکەی ١٢٥ هەزار دینارە.

لە ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، بە نوسراوێک حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا بۆ هەناردەكردنی بڕی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو نەوتەش بەشی ڕێژەیەکی کەمی هاوڵاتیانی هەرێم دەکات.

زیادبوونی خواست لەسەر نەوت لە لایەن هاوڵاتییانەوە لە کاتێکدایە، کارەبای گشتی لە وەرزی زستاندا ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات و بەشی پێویستی خۆ گەرمکردنەوە ناکات، هەربۆیە هاوڵاتیان بە ناچاری پەنا بۆ غازو نەوت دەبەن بۆ گەرمکردنی ماڵەکانیان.

ک.س