هاوڵاتیانی بناری قەندیل: تەڤگەری ئازادیی بۆتە مایەی بەیەکەوە ژیان

لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا تەڤگەری ئازادیی لە بناری قەندیل چەندین چالاکی بۆ کۆکردنەوەی هاوڵاتیان لەدەوری یەکدی ئەنجامداوە، هاوڵاتیانی بناری قەندیلیش دەڵێن: تەڤگەری ئازادیی ڕووحی بەیەکەوە ژیان و گەڕانەوە بۆ لای یەك پتەوترو بەهێزتر دەکات.


بە مەبەستی کۆکردنەوە نزیککردنەوەی پێکهاتە و هاوڵاتیانی گوندەکانی بناری قەدیل، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لەسەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە چەندین خوانی بەربانگی لە گوندەکانی بناری قەندیل ئامادەکردووە.

'' شێخ لەتیف، هاوڵاتییەکی گوندی بەستانەیە لەبناری قەندیل، خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەی هاوڵاتیانی بناری قەندیل دەربڕی لەدەوری یەکدی و وتی: ئامانج لە ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی وا بۆ زیاتر نزیکبوونەوەی هاوڵاتیانە لەگەڵ یەکتر، ئێمە دەبێت ئەم کارانە بەرز و گرنگ ببینین، چونکە پەیوەندییەکی ڕووحییە لەگەڵ خودا و لەگەڵ یەکتریدا، پێغمەبەر د.خ دەفەرموت: ''هەر کارێك کە بێ باوەڕان ناڕحەت بکات ئەوا پەرستشە بۆ خوا"، کۆکردنەوەی ئەم خەڵکەش لەژێر ناوی مەولوددا  شتێکە کە بێ باوەڕان توڕە دەکات و ئێمەی موسڵمانیش ئەوەی کە لێمان جوانە ئەم برایەتی و یەکگرتن و بەیەکەوە ژیانەییە، داواکارین لە خوای گەورە قەندیلمان بۆ بپارێزێت لە دەستی خراپ و پلانی پلانگێڕان''. 
چەند هاوڵاتیەکی دیکەی بناری قەندیل، ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئەو کارەی تەڤگەری ئازادیی دەیکات بۆ کۆکردنەوەی هاوڵاتیان لە بەربانگدا کارێکی جوانە و ڕۆحی  پێکەوەژیان و هاوکاریی لەنێوان  پێکهاتەکاندا بەهێز دەکات.

د.ع