هاوڵاتیانی سلێمانی: خوازیارین جەژن ببێتە هەوێنی ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکاریی

هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، خوازیارن ئەم جەژنە ببێتە جەژنی ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکاریی و یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکان و داواش لە حیزبە کوردستانییەکان دەکەن، کێشەکاییان وەلا بنێن و ئەم جەژنە وەک هەلێک بقۆزنەوە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی نێوانیان.


لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان، هاوڵاتیانی شاری سلێمانی، ڕۆژبەڕۆژ گەرمتر خۆیان بۆ پێشوازیی لەو بۆنە ئایینییە ئامادە دەکەن، هاوکات بۆچوون و پەیامی خۆیان لەڕێگەی ڕۆژنیوز-ەوە دەخەنەڕوو.

ڕەحمان حەمە ساڵح، هاوڵاتی، وتی: "پەیامی ئێمە لەم جەژنەدا ئەوەیە کە خەڵک لە سەر هەموو دۆزە ڕەواکان یەکگرتووبن بە تایبەت لە دژی لایەنی دەرەکی وەک دەوڵەتی تورک کە لە قەندیل، مەخمور و ناوچەکانی دیکە پەلامار و هێرش دەکات، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوندیدارەکان هەڵوێستیان هەبێت، بە تایبەت بۆ داگیرکاریی نابێت هەر لایەک پشتی لایەکی دیکەی داگیرکەر بگرێت، چونکە ئەوە گورزیی گەورە لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدات".

ئەو هاوڵاتییە زیاتر لەسەر پێویستی یەکێتی نێوان لایەنەکان دوا و وتی: یەکگرتوویی و ئاشتەوایی پێویستی بە هەڵوێستی جەماوەرییە تا لایەنە سیاسیەکانیش بێنە سەر خەت و ئەگەر ئەمە نەیەتە دی ئەوا دەوڵەتان ئەو هەلە دەقۆزنەوە، پێویستە لە ڕووی ئاینیشەوە ئەم جەژنە وەک هەلێک بقۆزینەوە بۆ یەکگرتوویی.

عوسمان ئەمین، هاوڵاتیەکی دیکەی شاری سلێمانییە و بۆچوونی وایە کە "هەتا ئێمە ئەم وڵاتانە لە دەورمان بن و لە نێوان ئێران، تورکیا و عەرەب دا بین ئەوا هەر بارودۆخمان خراپە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەکان لە ناو خۆیاندا یەکبگرن و داواکاری گەلیش هەر ئەوەیە، ئیدی بەسە هێرش کردنە سەر یەکتر و ئەگەر بەمجۆرە ململانێ لە نێوانیاندا هەبێت خراپترمان بەسەردێت".

هاوڵاتییەکی دیکەی شاری سلێمانی بەناوی ئەکرەم سدیق، بە کورتی پەیامی خۆی بۆ جەژن خستەڕوو، وتی: هیوادارین جەژنێکی پڕ لە ئارامی بێت و نەتەوەی کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بە خۆشی بژی و پێویستە حزبەکان دەست لەناودەست ڕێکبکەون و ئەو کێشانەی کە لە نێوانیاندا هەیە کۆتایی پێبهێنن.

ک.س