هاوڵاتیانی كەركوك: حكومەت كەمتەرخەمە لە هاوکاریکردنی خەڵکی کاسبکار و کەمدەرامەت

هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەكانی شاری كەركوك لە بەرامبەر درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆ و دۆخی شارەكەیان لەسەردەمی كۆرۆنادا، حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانن لە هاوکاریکردنی خەڵکی کاسبکار و کەمدەرامەت، داواشدەکەن ڕێكاری نوێ بۆ كردنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتیەكان بگیرێتەبەر و حکومەت هاوکاری هاوڵاتیان بکات و لەکاتی درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتووچۆدا پلانی هەبێت.


لە ١٧ی مانگی ڕابردوەوە لە كەركوك قەدەغەی هاتووچۆ وەك هەوڵێك بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، داخستنی بازاڕ و شوێنە گشتیەكان زۆربەی هاوڵاتیانی بێكار كردوە و سەرچاوەی دابینكردنی بژێوی ڕۆژانەیانی بڕیووە، بە بڕیاری شانەی قەیرانەكان و حكومەتی عێراقیش، قەدەغەی هاتووچۆ تا ١١ ئەم مانگە درێژكراوەتەوە.

سەرەڕای دەوڵەمەندی شارەكە بە سامانی نەوت و سروشتی، بەڵام دۆخی هاوڵاتیان لە كەركوك لە ئاستێكی خراپدایە و هاوڵاتیان داوا دەكەن حكومەت پلانی هەبێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.

هەڤاڵ ڕەزا، یەکێک لە هاوڵاتیانی شارەکەیە و دەربارەی دۆخی کەرکوک بۆ ڕۆژنیوز وتی: "دەستخۆشی لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك دەكەم، كە لە سەرەتاوە بەشێوەیەكی باش ڕێی لەم دەردە گرت و نەیهێشت زیاتر بڵاوبێتەوە، كۆمەڵێك ڕێكاری باشیان گرتووەتە بەر وەك داخستی شوێنە گشتیەكان و قەدەغەی هاتوچۆ لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا تەنها دوو حاڵەت تۆمار كراوە ئەمە جێگای خۆشحاڵیە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئیدارەی كەركوك بێپلان بووە لە بەرامبەر چەند شتێکی دیکەدا، بۆ نموونە بەرامبەر بژێوی خەڵك كە ئیش و كار وەستاوە بەشێوەك ئێستا خەڵك ناتوانێت بچێتە سەر كارەكەی خۆیی."

ئەو هاوڵاتییە ئەوەشی وت: "داخستنی بازاڕ و شوێنە گشتیەكان كاریگەری لەسەر بژێوی خەڵك هەیە، دەكرێت حكومەت پلانێكی وردی هەبێت بۆ ئەم بابەتە، ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆ درێژ بكرێتەوە ئایا حكومەت پلانی چییە؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەنە كە لە مێشكی ئێمەی هاوڵاتی ڕۆژانە دوبارە و دەبارە دەبنەوە".

شاڵاو شوانی، هاوڵاتیەكی دوكاندارە لە بازاڕی سەرچناری شاری کەرکوک، لەسەر هەمان پرس بۆ ڕۆژنیوز وتی: "دیارە لەسەرتای قەدەغەی هاتوچۆ لە كەركوك خەڵكی باپەند بوون بە بڕیارەكانەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی كە حكومەت تۆ كەرەنتینە دەكات لە ماڵەوە لە هەمانكادا دەبێت ڕێكارێك یان میكانزمێك هەبێت بۆ یارمەتی خەڵكی لە ٨٠٪ی خەڵكی ئەم شارە هەژار و كەمدەرامەتن و بژوێی ڕۆژانەیان لە ڕێگای كاری ڕۆژانەوە پەیدا دەكەن، درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ كاریگەری زۆری لەسەر هاوڵاتیان دورست كردووە، بە تایبەت چینی هەژاران بۆیە ئێمە داوامان وایە حكومەت هاوكاری خەڵك بێت".

عەلی عەزیز، هاوڵاتیەكی تری كەركوك پێیوایە كە "خۆپارستن بۆ ئەم دۆخە باشترین چارەسەرە، ئەگەر بەراوردی كەركوك بە شارەكانی دیکە بكەین ئەوا دەبینین دۆخی كەركوك لە ڕووی كۆرۆناوە لە هەموو شارەكان باشترە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەم شارە دوورە لە دەروازە سنوریەكانەوە دوورە لە وڵاتی ئێرانەوە، من وەك خۆم دەڵیم برسیبم باشترە لەوەی توشی ئەو دەردە بم، ڕۆژانەش بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لە كەركوك كراوەیە و هاوڵاتیان دەتوانن پێداویستەكانی خۆیان بكڕن".

ئاماژەی بەوەشكرد کە "ئەركی حكومەت ئەوەیە موچە دوا نەخات و لە كاتی خۆی دابەشی بكات، وە ئەو خەڵكانەی كە بژێوی ڕۆژانەیان خراپە هاوكاریان بكات، بۆیە ئەركی حكومەتە لەم دۆخە هاوكاری كەسانی هەژار بكات".

ک.س