هاوڵاتیانی هەشت گوند لەبری حکومەت خۆیان ڕێگاكەیان چاكدەكەن

لەدوای چەندین جار داواکاریی لە حکومەتی هەرێم و جێبەجێنەکردنی داواکەیان، هاوڵاتیانی هەشت گوندی سنووری چۆمان بە هەرەوەزیی بە چاککردنی رێگا سەرەکییەکەی گوندەکەیان کرد.


دانیشتوانی گوندەكانی (گەزنە، دزوك، كاولان، نزاریە، هۆرێ، چۆم برس، هەبرەسا و جاوەكان)  لە سنوری شارەدێی سمێلانی سەر بەشارۆچكەی چۆمانی پارێزگای هەولێر، خۆیان ڕێگا سەرەكییەكەی گوندەكانیان بەهەرەوەزی چاكدەكەنەوە.

ڕێگا سەرەکییەکە ئەو گوندانە و شارەدێکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و چاڵ و تاسەی زۆری تێدایە، ئاوەڕۆكانی گیراوە، بەهۆی ئەو گرفتانەشەوە چەندین ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویانداوە.

وەک گوندنشینان باسی دەکەن، چەندنین جار داوایان لە یەکە ئیدارییەکانی سنوورەکە کردووە، کە ڕێگاکەیان بۆچاک بکات، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە، بۆیە ئیدی بێئومێدبوون لە حکومەت و خۆیان دەستیانخستە ناو دەستی یەک و بە هەرەوەزیی دەستیان بە چاککردنی ڕێگاوبانەکە کرد.

خەلیل قادر، یەكێك لە بەشداربووانی هەرەوەزییەكە، کە خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی لەو ڕێگایەدا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و دوو منداڵی بە سەختیی برینداربووبوون، بە ڕۆژنیوزی وت:هاتوین بۆ چاككردنی ڕێگاكە كە حكومەت لەسەرەتادا بە شێوەیەكی خراپ دروستیكردووە، چونكە قیرتاوی نەكردووە و تەنها تێكەڵە ڕێژی كردووە، "ئێستا تێكچووەتەوە و بەكەڵكی هاتووچۆكردن نەماوە، هەربۆیە بڕیارمانداوە هەمووان پێكەوە دەست بكەین بە چاككردنی".

شۆڕش موستەفا، یەكێكی تر لە بەشداربوانی هەرەوەزەكەیە و دەڵێت: بێ ئومێدبوونمان لە بەڵێنەكانی حكومەت وای لێكردین كە ڕۆژێك دابنێین و هەموو گوندشینان بەشێوەی هەرەوەزیی بێین بۆ چاككردنی ئەم ڕێگایە، بۆ ئەوەی بتوانین لانی كەم چاڵ و چۆڵەكانی پڕكەینەوە تا كەمێك لە ڕووداو و خراپی رێگاكە ڕزگارمان بێت.

ساڵی ٢٠١١ ڕێگای ئەو هەشت گوندە كە درێژییەكەی هەشت كیلۆمەترە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تێكەڵە ڕێژكرا و نەوتی ڕەشی پێداكرا، بەڵام بەهۆی قیرتاو نەكردنی ڕێگاكە و بەفر و بارانەوە هەرزوو ڕێگاكە خراپبوو.

ك.س