هاوڵاتیانی گەرمیان بەهۆی گەرما و ڕەمەزانەوە بەشەوان کاردەکەن

بەهۆی هاتنی مانگی ڕەمەزان و بەرزی پلەی گەرمی لە ڕۆژدا، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، کرێکار و کارگە و دوکانە پیشەییەکان و کارگوزارەکانی شارەوانی بەشەوان کاردەکەن و دەڵێن: شەو بۆ پشوودانکراوە بەڵام ڕۆژووگرتن و گەرمای گەرمیان ناچارماندەکات بەشەوکاربکەین.


لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵک بەڕۆژوو دەبن و لە سنوری ئیادارەی گەرمیانیش لە ئێستادا ڕۆژانە پلەکانی گەرمی لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ پلەدایە، ئەمەش کرێکار و کارگە و دوکانە پیشەییەکان و بەقاڵ و دەستگێڕەکان و کارگوزارەکانی شارەوانی لە گەرمیان ناچارکردووە، بە شەوان کاربکەن، هەروەها زۆربەی خەڵکیش بە شەوان دەچن بۆ بازاڕکردن و پێکهێنانی ئەرکەکانی دەرەوەیان، لەو بارەوەیە بەشێک لە کارگوزار و خاوەن پیشەکانی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز بەمجۆرە دووان.

سیڤەر عەباس، وەستایەکی جامچی و خاوەن پێشانگایەکی شوشەیە لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە پێش مانگی ڕەمەزان بە ڕۆژ لە بەیانی تا ئێوارە کارمان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی بەڕۆژوو دەبین و بە ڕۆژیش زۆر گەرمە ناتوانین لە ڕۆژدا هەم کاربکەین و هەم ڕۆژوو بگرین، بۆیە بەناچاری بە شەوان لەدوای کاتژمێر نۆی شەوەوە تا پێش پارشێو کاردەکەین.

سیڤەر، سەبارەت بە جیاوازی کارکردن لە ڕۆژ و لە شەودا ئاماژەی بەوەدا: لە هەموو ڕوویەکەوە شەوان بۆ پشوودانە و ڕۆژیش بۆ کارکردن، بەڵام گەرمای کەلار ناچاری کردووین و بە پێچەوانەوە کاربکەین، لە ڕووی توانا و دەروونییەوە زیاتر ماندوودەبین بە شەو، هەروەها نیوەی کاتی ڕۆژمان بۆ دەمێنێتەوە بۆ کارکردن و فریای هەموو کارەکانمان ناکەوین.

ئەحمەد تاریق، کارگوزارێکی شارەوانییە لە کەلار کە بەشەو لەگەڵ تیمەکەیاندا خەریکی پاککردنەوە و سەوزکردنی شەقامەکان بوون بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە پێش مانگی ڕەمەزان لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تاکوو ١١ونیوی نیوەڕۆ کارمان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا لەبەر مانگی ڕەمەزان و گەرمای ڕۆژ بە شەوان لە نزیکی نۆی شەو تا نزیکەی یەکی شەو دەردەچین بۆ نەمام ناشتن و پاککردنەوە و سەوزکردنی شار.    

ک.س