هاوڵاتیان ئامادەکاریی بۆ جەژن دەکەن

قەرەباڵغی لەسەر بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و هاوڵاتییان ئامادەکاریی بۆ جەژنی ڕەمەزان دەکەن و پێداویستییەکانی جەژن دەکڕن، دوکاندارێک دەڵێت: بەهۆی ئەوەی مووچە دابەش نەکراوە فرۆشیان بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو کەمترە، کڕیارێکیش دەڵێت: شتوومەکان نرخیان زۆرە بۆیە وەک پێویست ناتوانن پێداوستییەکان بکڕن.


جەژنی ڕەمەزان کە بۆنەیەکی ئاینییە، لە باشوری کوردستان گرنگی زۆری پێدەدرێت، هاوڵاتیان بۆ کڕینی پێداویستییەکانی جەژن ڕوو لەبازاڕەکان دەکەن.

ئەو پێداویستیانەی هاوڵاتیان بۆ جەژن دەیکڕن، بریتین لە چکلێت و نوقڵ و چەرەسات و شەربەت و خواردنەوە گازییەکان، بۆ ئەوی پێشکەشی ئەو میوانانەی بکەن کە لە ڕۆژانی جەژندا سەردانیان دەکەن، هەروەها پێداویستی خواردنی یەکەم بەیانی جەژن دەکڕن.

بێجگە لە خواردن و خواردنەوەکان، هاوڵاتیان پۆشاکی نوێ بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دەکڕن، هەندێک جار نێو ماڵەکان نوێ دەکەنەوەو کەرەستە و پێداویستی جوانکاریی بۆ ماڵەکانیان دەکرن.

بوونی ئەو پێداویستییە زۆرانەی جەژن، بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵەغی لەنێو بازاڕەکاندا، بەڵام هێشتا فرۆشیاران ڕازینین لە ئاستی فرۆشیان، کڕیارانیش نیگەرانن لە گرانی نرخ.

ئاکۆ حەمەڕەشید، کە ماوەی چەند ساڵێکە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی دووکانی فرۆشتنی چەرەساتی هەیە، دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی خەڵک ڕوو دەکاتە بازاڕ، بەڵام شت ناکڕن، هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە هێشتا مووچەی فەرمانبەران دابەشنەکراوە.

ئەفسانە محەمەد، کە هاوڵاتییەک بوو بۆ کڕینی شتوومەک هاتبووە نێو بازاڕ، نیگەران بوو لە گرانی نرخی شتوومەکەکان و وتی: ساڵانی پێشووتر بازاڕ باشتر بووە و ئەو گرانییە نەبووە کە ئیستا هەیە.

د.ع