هاوڵاتییەكی دیكە بووە قوربانی كێشەی كۆمەڵایەتی

هاوڵاتیەك لە شارۆچكەی چەمچەماڵ كوژرا و دەوترێت بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە بووە.


ئەمڕۆ لە شارۆچكەی چەمچەماڵ هاوڵاتیەكی تەمەن ٣٠ ساڵ كوژرا.

ئەیوب حەمە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە ڕۆژنیوزی وت: تەرمی هاوڵاتییەكیان هێنایە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو، كە كوژرابوو، كەسوكارەكەشی دەڵێن بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە كوژراوە.

وتیشی: هاوڵاتیەكە ناوی (ع.م) و لەدایكبووی ساڵی ١٩٨٨، تەرمەكەشی ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كرا.

بەپێی ئامارێك، كە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەكان لای خۆی تۆماریكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٠١ كەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری كوردستان كوژراون یان خۆیان كوشتووە، كە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو كوشتنانەی، كە بەهۆی كردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی كە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.


ك.ك/ئ