هاوڵاتییەکی دیکە کوژرا

لە هەرێمی کوردستان کوشتن و خۆکوشتن ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و لە شارۆچکەی دەربەندیخان-یش گەنجێکی دیکە کوژرا.


بەیانیی ئەمڕۆ، لە شارۆچکەی دەربەندیخان-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەنجێک بەناوی مەسعود شێخ سدیق کوژرا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، مەسعود لەگەڵ گەنجێکی تردا لەناو بازاڕی سەوزە فرۆشەکانی شارۆچکەکەدا، بووەتە شەڕ و دەمەقاڵێیان و لە ئەنجامدا گەنجەکە بە چەقۆ مەسعودی کوشتووە.

مەسعود شێخ سدیق، پاسەوانی مۆلیدەیەکی ئەهلیی بووە و باوکی دوو منداڵە.

ڕۆژنیوز بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، پەیوەندییکرد بە پۆلیسی شارۆچکەی دەربەندیخانەوە، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن بە بیانووی ئەوەی دەبێت پۆلیسی سلێمانی لێدوانی لەبارەوە بدات.

چەندین جار پەیوەندیمان بە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی-یەوە کرد، بەڵام مۆبایلەکەی داخرابوو.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٢٦ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

 

ش.ف