هاوڵاتییەک ٣١ ساڵى تەمەنى بەخشیەوەتە نەمامگەکەى

هاوڵاتییەکى شارى سلێمانى، ٣١ ساڵە لە سوچێکى بازاڕى گەورەى شاردا، لەگەڵ نەمام و گوڵەکان-دا، ژیان بەڕێدەکات و نەمامگەکەى بووەتە بەشێک لە جوانییەکانى شار.


محەمەد ئیسماعیل، ناسراو بە محەمەد خەمزەیی، ساڵى ١٩٧٣ لەناوچەى شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، ماوەى ٣١ ساڵە، خاوەنى نەمامگایەکە و سەرقاڵە بە فرۆشتنى گوڵ و نەمامەوە، لەو ماوەیەدا ٢٠ ساڵی بەردەوام ئەو کارەی کردووە و ١١ ساڵی دیکەش بەهۆی کۆچبەربوونەوە بە پچڕ پچڕ هەمان کاری کردووە.

محەمەد خەمزەیى، لەسەر چۆنییەتى دەستکردن بە فرۆشتنى گوڵ و نەمام، بە ڕۆژنیوزى وت:" لە تەمەنى ۱٤ساڵییەوە دەستم کردووە بەم کارە، سەرەتا بە ۲۰ ئینجانە دەستم پێکرد".  

ناوبراو ئاماژەى بەوەشکرد، کە ئەو تەنها لەبەر پەیدا کردنى بژێوى ژیانى ئەو کارە ناکات، بەڵکو کارەکەى خۆش دەوێت، دەشڵێت:" بەم گوڵانە گەڕەک و کۆڵان و ماڵەکان ڕازاوە و جوان دەبن، ئەوەندە لە لام جوانن ئەگەر بۆم بکرایە ماڵ بە ماڵی ئەم وڵاتەم بەو جوانیە دەڕازاندەوە".

محەمەد خەمزەیى، دەڵێت، کە گوڵ و نەمام لە وڵاتانى دەرەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێن، هیواى ئەوەى دەخواست، کە کارێک بکرێت لە باشورى کوردستان گوڵ و نەمام بەرهەمبێت، چونکە وەک ئەو دەڵێت خاکى باشورى کوردستان بۆ بەرهەمهێنان لەبارە.

ئەم هاوڵاتییەى شارى سلێمانى، هەرچەند ٣١ ساڵى تەمەنى لەگەڵ گوڵ و نەمام-دا بەسەر بردووە، بەڵام ئاسودەیە لە کارەکەیدا و دەڵێت: ڕۆژانە بە بینینى گوڵ و نەمامەکان دەرونم ئاسودە دەبێت و خەم و خەفەتم بیردەچێتەوە.

د.ع