هاوێنەى جوانکاریى زیان بە چاو دەگەیەنێت  

پزیشکێکی پسپۆڕى چاو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات، که‌ بەکارهێنانی هاوێنە بەبێ هۆشیاری ڕەنگە برین دروستبکات لە گلێنەی چاودا، ببێتەهۆی ئەوەی میکرۆب کۆببێتەوە و ببێت بە ئلتیهابات لەسەر گلێنەی چاو، زۆرجاریش وادەکات چاوەکە پێویستى بە نەشتەرگەرى هەبێت.


بەکارهێنانی هاوێنەی چەسپاوی چاو(عەدەسە) کە دوو جۆری هەیە، هاوێنەی پزیشکی و هاوێنەی جوانکاری بۆ گۆڕینی ڕەنگی چاو، لە ئێستادا بەکارهێنانی بووە بە دیاردەیەکی باو لە کۆمەڵگاد، بە مەبەستى جوانکارى و زیاتر لاى ژنان بەکار دێت، زۆر جار بەبێ ئاگاداری پزیشک و بەبێ ڕێنمایی تەندروستی بەکار دەهێنرێت ئەمەش چەندین ئاکامی خراپی لێدەکەوێتەوە.

دکتۆرە سەناریا سیائەدین، پسپۆری نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو، سەبارەت بە بەکارهێنانی هاوێنەی چاو بە ڕۆژنیوزى وت: هاوێنە ڕێنمای تایبەتی خۆی هەیە، دەبێت پێش بەکارهێنانی پشکنینی وشکی چاو بکرێت لە ڕێگەی پزیشکی پسپۆرەوە، چونکە ئەو هاوێنەیەی، کە دادەنرێت فرمێسکی چاو کەم دەکاتەوە چاو وشک دەکات، وە ڕەنگە چاو سورببێتەوە بخورێت و تووشی هەوکردن ببێت و ئاو بکات، بەتایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەکاربهێنرێت، بۆیە ئەو کەسانەی چاویان وشکە دەبێت فرمێسکی دەستکرد بەکاربهینن.

ناوبرا و باسی لە ئاکامە خراپەکانی بەکارهێنانی هاوێنە کرد وتی: دەبێت لە ژێر ڕێنما یی تەندروستیدا بەکاربێت، چونکە ئەوکاتەی هاوێنە دادەنرێت ڕێژەی ئۆکسجین بۆ چاو کەم دەبێتەوە، بۆیە دەبێت لە شه‌ش کاتژمێر زیاتر لە چاو نەکرێت، ئەگەر زۆر بەکاربێت دەبێت بە حەساسیەت لەچاودا، وە ئەگەر ئەوهاوێنەیەی بەکاردێت بە شێوەیەکی ناڕێکوپێک هەڵبگیرێت ئاوەکەی پیسبێت یان بەدەستێکی پیس لەچاوکرابکرێت، ڕەنگە برین دروستبکات لە گلێنەی چاودا، میکرۆب کۆببێتەوە و دەبێت بە ئلتیهابات لەسەر گلێنەی چاو، پێویستە گەرمی زۆری بەرنەکەوێت، ئەمە بۆ هەردوو جۆری هاوێنەی پزیشکی و جوانکاری دروستە.

ئەو پزیشکە پسپۆڕەى چاو، سەبارەت بە جیاوازی لە جۆری هاوینەکاندا، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، که‌ جیاوازی هەردوو جۆری هاوێنەکە لەوەدایە کە یەکێکیان بۆ جوانکاری بەکار دەهێنرێت بەڵام یه‌وه‌ی دیکه‌ لە ژێر چاودێری پزیشکدا بەکاردەهێنرێت و پیاوانیش بەکاری دەهێنن بە مەبەستی ڕێککردنەوە لە بینیندا، دەشڵێت: دەبێت هاوێنە لە بازاڕەکاندا لە شووێنی باوەڕ پێکراو بکڕدرێت، لە ئێستادا لە بازاڕەکانی کوردستاندا کوالێتی کۆنترۆڵ بۆ سەر کاڵاکان زۆرنییە، بۆیە دەبێت جۆرێکی باوەڕ پێکراوبێت کە نەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەرچاو.

لەکۆتایى قسەکانیدا سەناریا سیائەدین، سەبارەت بەو کێشانەى بەهۆی  به‌کارهێنانی هاوێنەوە دروستبوون، وتی: حاڵەتی زۆر دروستبووە بەهۆی بەکارهێنانی هاوینەوە کە برینی دروستکردووە لە سەر گلێنەی چاو یاخود تانە لەسەر گلێنە دورستدەکات، کە ڕەنگە بە دەرمان لانەچێت وە ئلتیهابی درێژخایەن دروستبکات، یاخود ڕه‌نگە زۆرجار پێویستی بە نەشتەرگەری بکات.

د.ع