هێشتا تام و بۆنی خواردنە کوردەوارییەکان لە گوندەکاندا ماون

ئەگەرچی ڕووکردن لە شارەکان و کاریگەربوون بە کلتوری بیانیی، هاوڵاتیانی باشوری کوردستانی لە خواردنە کوردەوارییەکان دوورخستووەتەوە، بەڵام هێشتا تام و بۆنی ئەو خورادنانە لە گوندەکاندا ماون و لەسەر خوانەکان ئامادە دەکرێن.


لە ساڵانی پێش دوو هەزار، خواردنە کوردەوارییەکان بەردەوام لەسەر خوانی خانەوادەکانی باشوری کوردستان-دا بوون چ لە شار و چ لە گوندەکان، بەڵام پاش ئەو ساڵانە و بەهۆی کۆچکردنی بەلێشاوی هاوڵاتیان لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان و کۆچکردن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و ئاشنابوون بە کلتوری بیانیی و هاوردەکردنی خواردن لە وڵاتانی دراوسێوە،  ئیدی خواردنی کوردەواریی بە دەگمەن لەسەر خوانەکان دەبیندرێت و خواردنی بیانیی شوێنی خواردنە کوردەوارییەکانی گرتووەتەوە.

وشککردنەوەی ئەو سەوزە و میوانە، کە لە ڕابردوودا لە وەرزی هاویندا هەبوون و لە زستاندا دەستنەدەکەوتن، جۆرێکی بەتامی خواردن بوو، کە لە وەرزی سەرمادا خواردنی جۆراوجۆریان لێدروست دەکردن و سفرەی ماڵانی دەڕازاندەوە، (تەماتە، بامیە، کولەکە، باینجان، هەنجیر، ترێ و چەندەهای دیکە)نمونەی ئەو جۆرە وشککراوانەن.

لە گوندەکان-دا، ئەگەرچی وەک ڕابردووش نەبێت، بەڵام هێشتا تام و بۆنی ئەو خواردنانە ماون، ئایشە عەبدوڵا، دانیشتووی گوندی بۆڵێی بناری قەندیل-ە، لەکاتێکدا، کە سەرقاڵی وشککردنەوەی داندۆک (دۆینە) و ترخێنە و دروستکردنی دۆشاوی تەماتە بوو، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز باسی لە ئامادەکردنی ئەو خواردنانە کرد و وتی: داندۆک-م بە گەنمە کوتاو و سیرێژ و کاردوو ئامادە کردووە، ترخێنەش بە گەنمە کوتاو و شێلم، دوای وشککردنەوەیان لە زستاندا دەیکەین بە چێشت.

وەک ئایشە باسی کرد، گوندنشینان دۆشاوی تەمامەتە لە بازاڕ ناکڕن و خۆیان ئاوی تەماتە دەگرن و لەبەر هەتا و هەڵیدەخەن تا خەست دەبێتەوە و دەبێت بە دۆشاو، پێشیوایە، ئەو خواردنە خۆماڵییانە تامیان خۆشترە و تەندروستتریشن وەک لە خواردنی ئامادەکراوی بازاڕ و ناو بەفرگر، بۆیە بەهۆی ئەو خوارنانە و ژینگە و کەشوهەوای پاکەوە، خەڵکی گوندەکان تەندروستییان باشترە لە خەڵکی ناوشارەکان.

 

ش.ف