هەولێر، لەسەر کێشەی موڵکداریی هاوڵاتییەک کوژرا

بەهۆی کێشەی موڵکدارییەوە هاوڵاتییەک لە شاری هەولێر کوژرا و بکوژەکانیش دەستگیر نەکراون.


شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی پێنج-ی حەسارۆکانی شاری هەولێر، پیاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ کوژرا.

پیاوەکە باوکی منداڵێکە و بەگوێرەی لێدوانی شاهیدحاڵان بۆ ڕۆژنیوز"بکوژەکان سێ کەس بوون بەچەک هەڵیانکوەتە وەتە سەر پیاوەکە لە ماڵەکەی خۆیدا و کوشتوویانە، پاشانیش هەڵهاتوون".

ئەو کەسانە باس لەوەش دەکەن، کە تۆمەتباران کەسانی ناسروان و خزمی هاوسەری کوژراوەکەن، "کێشەی موڵکداریی هۆکاری کوشتنەکە بووە".

لای خۆشیەوە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ڕۆژنیوزی وت: كەسەكان ناسراون و پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەكە كردووەتەوە، بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ی ساڵی ١٩٦٩، كە تایبەتە بە كوشتنی بە ئەنقەست، دادوەر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ  بكوژەكان دەرکردووە.

هۆگر عەزیز، زانیاریی زیاتری ئاشکرا نەکرد و وتی: لە داهاتوو زانیاریی زیاتر لەسەر چۆنیەتی ڕووداەكە بڵاودەكەینەوە.

ش.ف