هەولێر، پۆلیسێکی هاتووچۆ دوای بریندارکردنی براکەی، خۆی کوشت

لە هەولێر پۆلیسێکی هاتووچۆ دوای بریندارکردنی براکەی کە ئەویش بە هەمانشێوە پۆلیسی هاتووچۆیە خۆی کوشت.


کەمێک پێش ئێستا لە شەقامی شەست مەتری شاری هەولێر، لەبەردەم مزگەوتی حاجی مراد، هاوڵاتییەک کە پیشەی پۆلیسی هاتووچۆ بووە کۆتایی بە ژیانی خۆیهێنا.

پەیامنێری ڕۆژنیوز لەهەولێر، ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکان ڕووداوەکە بەمشێوەیە بووە، ئەو پۆلیسەی خۆی کوشتووە کەمێک پێش ڕووداوەکە لە ماڵەوە لەگەڵ برایەکی دیکەی کە بەهەمانشێوە پۆلیسی هاتووچۆیە، کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە و پێکنەهاتوون، هەر بۆیە برینداری دەکات و دواتر دەچێت بۆ سەر ئەرکەکەی  و وا دەزانێت براکەی کوشتووە، هەربۆیە لە شوێنی دەوامەکەی بەگوللـە کۆتایی بە ژیان خۆشی دێنێت.

بۆ زانیاری لەسەر ڕووداوەکە پەیوەندیمان بە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

هەفتەی ڕابردووش لە شاری هەولێر دوای ڕفاندی هاوڵاتیەک بۆماوەی چەند ڕۆژێک تەرمەکەی بە کوژراوی لە دەشتاییەکی نزیک شارەدێی بنسڵاوە دۆزرایەوە.

ک.س