هەڵمەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكی بێ مۆڵەت ڕاگەیەندرا

لە شارۆچکەی سۆران هەڵمەتێک بۆ بەرنگاربوونەوەی چەکی بێ مۆڵەت ڕاگەیەندرا و داوا لە حکومەتی هەرێم کرا، کە کڕین و فرۆشتنی چەک بە کەسانی بێ مۆڵەت قەدەغە بکات.


ئەمڕۆ، سەكۆی گشتی سۆران و دەوروبەری، کە لەکۆمەڵێک ڕێکخراو پێکهاتووە، بە دروشمی "نا بۆ هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، بەڵی بۆ كۆمەڵگایەكی شارستانیی و دوور لە چەك" بە هاوكاریی و پاڵپشتی ئەنستتیۆتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان RID و رێكخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی NPA لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا پڕۆژەی هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی چەكی نایاسایی ڕاگەیاند.

لە كۆنگرەکەدا، دڵشاد باڵەكی چالاكوان بەناوی سەكۆی گشتی ڕێكخراوەكانی سۆران و دەوروبەری، هۆکاری ڕاگەیاندی هەڵمەتەکەی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی قوربانییەکانی چەک.

وەک دڵشاد باڵەکی، باسیکرد، هەڵمەتەکەیان بریتییە لە ئەنجامدانی سمینار و وۆڕك شۆپ و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی  لەڕێگەی كەسانی پسپۆر لە سنووری هەر چوار شارۆچكەی سۆران،چۆمان، ڕواندز، مێرگەسور ئەنجام بدەن، هەروەها کار دەکەن بۆ ئەوەی حکومەت کڕین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت قەدەغە بکات.

هەروەها، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە  لەدوای تەواوبوونی پرۆژەكە هەوڵ دەدەن پێشنیار و سەرنج و دەرئەنجامی پڕۆژەكە لەسەر ئەو دیاردەیە ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار بكەن و لە فشاری مەدەنی بەردەوام دەبن بۆ  نەهێشتنی چەكی بێ مۆڵەت.

.

ش.ف