وردەكاری كوشتنی پۆلیسێک لەلایەن ئەفسەرێکی حەشدەوە

وتەبێژی پۆلیسی كەركوك ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئەفسەرەی حەشدی شەعبی لە كەركوك لەسەر دەمەقاڵێ پۆلیسێكی كوردی كوشت ‌و برایەكیشی بریندار كرد، هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەكراوە، برای پۆلیسە كوژراوەكەش وردەكای كوشتنەكە و برینداركردنی خۆی بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە.


شەوی هەشت لەسەر نۆی ئەم مانگە، لە گەڕەكی قادسیەی دوو لە شاری كەركوك، ئەفسەرێكی حەشدی شەعبی دوای ئەوەی لەگەڵ خاوەن ماڵێك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی خانوویەك بوەتە دەمەقاڵێی، خاوەن ماڵەكە كە پیشەی پۆلیسە بەگولـلە دەكوژێت و برایەكیشی بریندار دەكات و دواتر هەڵدێت.

كەریم حەمە ساڵح، كە برای پۆلیسە كوژراوەكەیە لە بارەی ڕوداوەكەوە دەڵێت، لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، چەندین جار هەوڵی داگیركردنی ماڵ و موڵكی كورد دراوە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە، دەشڵێت "ئەم برایەم كە ناوی سەلام حەمە ساڵحە، خانویەكی هەیە لە گەڕەكی قادسیەی دوو، داویەتی بەكرێ، چەندین جار ئەو ئەفسەرەی حەشدی شەعبی چووەتە سەر كرێچییەكە و داوای كردووە كرێی خانوەكە بدەن بە ئەو".

وتیشی: لەگەڵ براكەم چووین بەو ئەفسەرەی حەشدمان وت ئەو خانووە هی ئێمەیە چۆن داوای كرێی خانووەكە دەكەی، ئەویش وتی: من خانوەكەم كڕیوە، "بەڵام ئێمەش پێمان وت ئەم خانووە خۆمان لە ساڵی ٢٠٠٩ دروستمان كردووە ئێمە خاوەنین نەك كەسیت.

کەریم ئاماژە بەوە دەکات: بەپرسەكەی حەشدی شەعبی پێی وتین كە من خانوەكەم كڕیوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی هەبێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش چەندین جار دانشتینمان كرد.

برای پۆلیسە كوژراوەكە، زانیاری زیاتری لەبارەی ڕووداوەكە خستەڕوو، وتی: دواجار شەوی شەممەی ڕابردوو، بۆ ئەوەی بابەتەكە چارەسەر بكەین لەگەڵ براكەم چووینەوە بۆلای ئەفسەرەكەی حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو بەرپرسەی حەشد، تەقەی لێكردین و من فیشیەكێك بەر قاچم كەوت و برینداربووم و براكەشم كە خاوەنی پێج منداڵە و پۆلیسە لە شاری كەركوك فیشەكێك بەر سەری كەوتوو دەسبەجێ گیانی لەدەستدا.

وتیشی: دوای ڕووداوەكە ئەفسەرەكە و دوو پاسەوانی هەڵهاتوون، بەڵام لە دادگای كەركوك سكاڵامان تۆمار كردووە.

لە بارەی ڕووداوەكەوە، عەقید ئەفراسیاو كامیل، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند "ئاگاداری ڕووداوەكەین و پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان لەسەر ڕووداوەكە كردوەتەوە، لە ئێستادا ئەو كەسەی تاوانەكەی ئەنجامداوە هەڵهاتووە و دەستگیر نەكراوە".

س.ح