وردەکاریی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو، کە کەسێک ٣ براو دایکی خۆی کوشت

لە چەند خولەکێکدا گەنجێک سێ برا و دایکی خۆی کوشت، باوکیشی بە سەختی بریندارە، پۆلیس دەڵێت هۆکارەکەی موڵک و ماڵ بووە، تۆمەتبار دوای تاوانەکە هەوڵی داوە هەڵبێت و ڕووبەڕووی پۆلیسیش بووەتەوە، بەڵام بە برینداریی دەستگیرکراوە.


شەوی رابردوو، لە گەڕەکی مامۆستایان لە شاری سلێمانی، لە ڕووداوێکدا پێنج ئەندامی خێزانێک بوونە قوربانی، کە چوار کەسیان گیانیانلەدەستدا و یەکێکیشیان بە سەختی برینداربوو، هەروەها تۆمەتبار بە برینداریی دەستگیرکرا.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت کێشەی ناوخۆیی بنەماڵەکە بووە، کە کوڕی ماڵەکە سێ برا و دایکی خۆی کوشتووە، هەروەها باوکیشی بە سختی بریندارە، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی، بکوژەکە تەمەنی ٣٠ ساڵە و بێکار بووەو خاوەنی هیچ کارێک نەبووە.

لەسەر چۆنییەتی ڕووداوەکە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باس لەوە دەکات، کە تۆمەتبارەکە تەقەی لە براکانی کردووە، خوشکێکی کە لە ماڵدا بووە ڕایکردووەتە دەرەوە و هانای بۆ دراوسێکان بردووە کە فریایان بکەون "براکەم هەموومانی کوشت"، تا دراوسێکان دەگەنە ماڵی قوربانییەکان، سێ برا و دایکیان کوژراون و باوکیشیان بە سەختی بریندارە.

تۆمەتارەکە دوای ئەو تاوانە هەڵهاتووە، کاتێک پۆلیس دەیەوێت دەستگیریی بکات، ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس دەبێتەوە، دواجار لە گەڕەکێکی دیکەی ناوشاردا و بە برینداریی دەستگیر دەکرێت و ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە، ئەمە بەپێی وتەکانی سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز.

ئەو سێ برایەی لەلایەن براکەی خۆیانەوە کوژران، هیچیان خێزاندارنین و هەموویان تەمەنیان لەسەر و ٢٥ ساڵەوەیە.

دەربارەی هۆکاری تاوانەکە، سەرکەوت ئەحمەد وتی، تاوانەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی موڵک و ماڵ.

لە ئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر لە زینداندایە، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە، هەروەها وتە "ئیفادە"ی خوشکەکەی وەک شاهیدحاڵی ڕووداوەکە وەرگیراوە و پۆلیس دەڵێت، لەگەڵ کەسوکارەکەشیاندا قسەدەکەن و وتەیان لێ وەردەگرن.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا'وە، لە هەرێمی کوردستاندا قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە و بەردەوامیی هەیە.

(سێ برا قوربانییەکە؛ وێنە-تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان)

س.ح