وێنەی یارییە توندوتیژییەکان لەسەر پێداویستییەکانی خوێندن هەڕەشە لە داهاتووی منداڵان دەکات

پۆپبجی و یارییە توندوتیژییەکان هەڕەشە لە داهاتووی منداڵان دەکات و بازاڕی فرۆشتنی پێداویستییەکانی خوێندن لە سلێمانی پڕبوون لەوێنەی ئەو یارییە توندوتیژییانە، فرۆشیارێک دەڵێت: لە ٧٠%ی فرۆشیان ئەو بابەتانەن وێنەی توندوتیژییان لەسەرە، شارەزایەکی بواری پەروەردەش دەڵێت: کۆمپانیا گەورەکان لەپشت ئەو کارەوەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت: تا ئێستا بیرمان لەوە نەکردوەتەوە سنوورێک بۆ ئەو بابەتەدابنێین.


لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژێکی کەمە وەرزی خوێندن دەستیپێکردووە، هێشتا بازاڕەکان جمەی دێت لە هاتوچۆی دایکان و باوکان بۆ کڕینی پێداویستیییەکانی خوێندن و خوێندنگە بۆ منداڵەکانیان، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەو بازاڕانەدا زۆرێک لە پێداویستیەکانی وەک جانتا و دەفتەر و پێداویستییەکانی دیکە بەوێنەی یارییە جۆراوجۆرە توندوتیژییەکان ڕووپۆش کراون بە تایبەت یاری پۆپجی کە یارییەکی توندوتیژە و لە ئێستادا لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەش بە بۆچوونی شارەزایانی پەروەردە و هاوڵاتیان دوورن لە شێوازی خوێندن و کاریگەری خراپی لەسەر دەروون و پەروەردەی منداڵان هەیە و ڕەنگە لە داهاتوودا منداڵی توندوتیژ بەرهەم بهێنێت.

خەڵات خەفار، کە ماوەی چوار ساڵە دوکاندارە لە یەکێک لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی، دەربارەی خواستی کڕیاران بە تایبەت لە وەرزی خوێندندا، وتی: ئەو پێداویستیانەی خویندن کە وێنەی پۆبپجییان لەسەرە بەڕیژەی لە ٧٠% فرۆشیان هەیە لە بازاڕەکان و زۆرترین منداڵ خوازیاریی کڕینیەتی، وتیشی: ئێمە هەرچەندە فرۆشیارین، بەڵام هیچ ئەوە بە گونجاو نابینین و پێیموایە ئەگەر حکومەت و خوێندنگاکان ڕێگربن، ئەوا نە دایک و باوکیش دەتوانێت بیکڕێت و نە منداڵیش داوای دەکات و نە ئێمەش دەتوانین بیفرۆشین.

ئەو دوکاندارە باسی لەوەش کرد کە ئەگەر بڕیارێک لە بارەی قەدەغەکردنی ئەو بابەتانەوە دەربچێت ئەوا ئامادەیە جێبەجێی بکات، چونکە شتێکە کە لە بەرژەوەندی گشتیدایە.

لەسەر ئەو مژارە هاوڵاتیانیش بۆچوونی خۆیان هەیە و لەو ڕووەوە حسێن عەلی، هاوڵاتی، دەڵێت: بەشێکی ڕەخنەکانمان لە سەر بازرگانەکانە، کە لە چین، تورکیا و ئێران ئەمجۆرە پێداویستیانە دەهێنن تەنیا لەبەر قازانجی خۆیان، ئەگینا هیچ پێویست ناکات منداڵ ئەو شتانەی کە نیشانەی، سەربازیی، یاری جەنگیی و ترسناکن بەکاری بهێنێت، پەروەردە دەبێت ڕێگا نەدات و کەمتەرخەم نەبێت.

ئەو هاوڵاتییە لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵیت: منداڵان تەنانەت جلەکانیشیان بووەتە پۆپجی، کە بەڕاستی ئەمە لە سیستمی پەروەردە و قوتابخانەوە زۆر دوورە و هەر یەک لەمانەش منداڵێکی تەندروست دروست ناکات، بۆیە داواکارییمان ئەوەیە کە دایک و باوک ڕێگربن لە کڕینی ئەوانە و پەروەردەش بە بڕیارێک ڕێژەکەی کەمبکاتەوە.

ڕێبوار سابیر، شارەزای بواری پەروەردە، دەربارەی زیانەکانی ئەو وێنانە لە زهنی منداڵدا وتی: لە ڕاستیدا لە سەیرکردنی وێنەیەک لەگەڵ وینەیەکی جوڵاو لە ناو تەلەفزیۆندا، جیاوازییەکی ئەوتۆ بەدی ناکریت لە ڕووی زیانەکەیەوە، بۆ نموونە ڕابیتەی ئەمریکی ئاماژە بۆ دەکات کە منداڵ کاتێک قۆناغی بنەڕەتی تەواو دەکات نزیکەی هەشت هەزار دیمەنی کوشتن لە سۆشیال میدیا دەبینێت و سەد هەزار دیمەنی توندوتیژیش دەبینێت، بۆیە ئەو منداڵە لە ڕێی ئەوانەوە هەموو کاتێک سەرسامە بە کەسایەتی ناو یاری و دراماکان، ئەمەش گەورەترین کۆمپانیاکانی لە پشتەوەیە کە منداڵیان کردووەتە گەورەترین ڕێگا بۆ ساغکردنەوەی ئەو شمەکانەیان.

وتیشی: هیچ یەکێک لەوێنانە ئاماژەیەکی تێدانییە بۆ خوێندن، کاتێکیش خوێندکار ڕۆژانە چەندین کاتژمێر ئەو وێنانە دەبینێت کە هیچ ئاماژەیەکی باشیتێدا نابینێت بۆ قوتابخانە، ئیدی ئەبێت چۆن هەڵسوکەوت بکات؟ لە کاتێکدا دایک وباوک و پەروەردە پێویستە ئاکارێک فێری منداڵ بکەن کە خۆشەویست و خۆویستی تێدا بێت نەک بێزاربوون لە خۆیی.

لای خۆیەوە عومەر محەمەد ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، وتی: ئەو یارییە پۆپجیانە هیچ جیاوازی لەگەڵ بەکارهێنانی تلیاک نییە، وە ئەو وێنانەش کە لاسایکەرەوەی یارییەکانن هی کۆمەڵێک بازرگانە، ئەگەرنا نە بەرنامەی وەزارەتی پەروەردەیە و نە ئێمەش لە گەڵیداین لەو ڕووەشەوە ڕەخنەمان هەیە کە دایکان و باوکان ڕێگە دەدەن منداڵەکانیان ئەو کەرەستانە بەکاربهێنن.

باسی لەوە شکرد، کە تا ئێستا بیریان لەوە نەکردوەتەوە سنوورێک بۆ هاوردەکردنی ئەو کەلوپەلانە دابنێن، وتیشی: "دەتوانین بۆ ساڵی داهاتوو سود لەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنیوز ببینین" تەنانەت ئەگەر پرۆژیەکمان پێبدرێت و چەند کەسێک ڕای لە سەربێت کاری لەسەر دەکەین.

ک.س