وەرزی تووتن بڕینەوە لە دۆڵی شاورێ

ئێستا وەرزی توتن بڕینەوەیە و جوتیارانی دۆڵی شاورێ-ش سەرقاڵی بڕینەوەی توتنەکانیانن.


جوتیارانی دۆڵی شاورێ لە ئێستادا سەرقاڵی بڕینەوە(شکاندنەوە)ی بەرهەمی توتنن، کە چەندین مانگە خزمەتی دەکەن.

جوتیارانی دۆڵی شاورێ لە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە سەرەتای مانگی ئایار-دا دەست دەکەن بە جوتکردنی زەوییەکانیان، دواتر بە گا جوت زەوییەکە خەت خەت دەکەن و بە بۆیە شوێنی چاندنی تونەکە دیاریی دەکەن، دواتریش دراوسێ و خزمەکانیان بانگهێشت دەکەن، تا بە هەرەوەزیی شەتڵی تونەکە بچێنن.

دواتر بۆ ماوەی دوو هەفتە ناو بە ناو ئاوی دەدەن، پاشان دەست دەکەن بە بژار کردن، دوای ئەوەی تووتنەکە بە باشیی خۆی گرت لە کۆتایی وەرزی هاوین و دەستپێکی پایزدا هەر بە هەرەوەزیی تووتنەکە دەبڕنەوە.

جوتیاران بە دوو دەستە دابەش دەبن کۆمەڵێک تووتنەکە دەبڕن و کۆمەڵێکیش توتنەکە دەکەن بە دارەوە بۆ ئەوەی وشکببێت، کە وشک بوو لە گونێ یان شلیفی تایبەتدا دەیبەن بۆ بازاڕ و ساغی دەکەنەوە.

هەر ماڵێک هەرەوەزیی هەبێت (خاوەن بەرهەم) خواردنێکی باش ئامادە دەکات، ئەگەر هەرەوەزکاران زۆربن، ئەوا گیسکیان بۆ سەردەبڕن، ئەگەریش کەم بن مریشکی خۆماڵییان بۆ سەردەبڕن و خواردنێکی کوردەوارییان پێشکەش دەکەن.

هەرچەندە جوتیارانی دۆڵی شاورێ هێشتا بە هەرەوەزیی کاردەکەن، بەڵام یەکێک لەو جوتیارانە بەناوی نارنج محەمەد، کە لە گوندی دارەبەن سەرقاڵی بڕینەوەی توتن بوو، نیگەران بوو لەوەی ئێستا لەچاو ساڵانی ڕابردوو هەرەوەزیی کەمتربووەتەوە و خەڵک وەک جاران گیانی هاوکاریی و سۆزیان بۆ یەکتر نەماوە 

نارنج، وتیشی: ساڵانی ڕابردوو مرۆڤ هەر چەندە زۆر ماندوو بوو، بەڵام لەڕووی دەروونییەوە ئاسودە بوو، ئێستا خەڵک ژیانی زۆر لەو کاتە خۆشترە، کەچی بەو ژیانە ڕازی نییە، بۆیە ئاسودە نییە.

وەک نارنج، باسیکرد، بەرهەمی ئەمساڵی جوتیارانی سنوورەکە وەک تەماتە، خەیار، ترێ و گوێز هیچ باش نەبوون، بەڵام توتنەکەیان بەرهەمێکی باشی هەبووە.

ئەو ژنە جوتیارە، لە خەمی ساغنەکردنەوەی بەرهەمەکانیان-دا بوو بۆیە هیوای خواست، کە حکومەت ئاوڕ لە جوتیاران بداتەوە و بەرهەمەکانیان لێوەرگرێتەوە، بۆئەوەی ڕەنجیان بە خەسار نەچێت.

ش.ف