وەرزی پەنیر هێنانەوە لە کوێستانەکانی قەندیل

گوندنشینانی بناری قەندیل لە وەرزی بەهار و هاوین پەنیری پێستە دروستدەکەن و دەیخەنە ناو کونە پێست یان کولین و لە ئەشکەوتی شاخەکان هەڵیدەگرن، لە وەرزی پایزیشدا بە ئاژەڵی باریی پەنیرەکە دەبەنەوە ناو گوند و پاشان لە شارەکاندا دەیفرۆشن.


گوندنشینانی بناری قەندیل له‌ وه‌رزى به‌هار و هاوین به‌رهه‌مى وه‌ک په‌نیر، شیرێژ و لۆرک له‌ شیری ئاژه‌ڵه‌کانیان به‌ ده‌ست دێنن و له‌ هه‌مان وه‌رز په‌نیره‌که‌ ده‌ئاخنه‌ ناو کونەی لە پێستە دروستکراو یان ده‌به‌ و دواتر به‌ گوێدرێژ و ئاژەڵی باریی دەیگوازنەوە بۆ ئەشکەوتەکان یان زێرنه‌کێو، کە کوێستانێکه‌ که‌وتووەته‌ زنجیره‌ چیاى قه‌ندیل و چەند چاڵێکی سروشتیی تێدایە، کە پێی دەڵێن (کولێن) و لەوێ هەڵی دەگرن، ئه‌م شوێنه‌ شوێنێکى فێنکه‌ و سارده‌ که‌ ناهێڵیت په‌نیره‌که‌ تێکبچێت.

له‌ وه‌رزى پایزدا و له‌و کاته‌ى که‌ بارانێک دوو باران دەبارێت، گوندنشینان بەیانیان زوو بە گورپ بەڕێدەکەون بەرەو چیاکە و بەگوێرەی پێویست بەرهەمەکانیان دەهێننەوە ناو گوند و پاشان گواستنەوەیان بۆ شار بەمەبەستی فرۆشتن.

ئەم وێنانە، وێنەی گوندنشینانی گوندی ڕەزگەی بناری قەندی-ن، لەکاتی هێنانەوەی بەرهەمە ئاژەڵییەکانیاندا.

ش.ف